چۆن پلانی دەربازکردنی سەدام حوسێن لە زیندانی ئەمەریکییەکان شکستیهێنا؟

عیراق

13/01/2022‌ 6666 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

بەپێی گێڕانەوەی یەکێک لە پاسەوانە تایبەتییەکانی سەددام حوسێنی سەرۆکی لەسەرکارلادراوی عێراق کە تا دوایین سات لەگەڵیدا ماوەتەوە، پلانێکی پاشماوەکانی بەعسی کە بە "گرووپەکانی بەرگریی"ناوهێناون، بۆ دەربازکردنی سەددام حوسێن  ئاشکراکردووە کە لە یەکێک لە زیندانەکانی سەر بە هێزەکانی ئەمەریکا لەبەغدا زیندانیی کراوە.

شێخ سەلوان مەسڵەت کە لە بازنە هەرە نزیکەکانی سەددام حوسێن بووە تاوەکو پێش دەستگیرکردنیشی لەگەڵیداماوەتەوە، لەلێدوانێکدا بۆ کەناڵی تایبەتیی پارێزەر سلێمان جبووریی لە یوتیوب وردەکاریی پلانی پاشماوەکانی بەعسی بۆ چۆنێتی دەرهێنانی سەددام حوسێن لە زیندانەکەی ئاشکرا کردووە، کەبەپێی ئەو پلانە بڕیار بوو هەزاران چەکداری سەر بە گرووپە چەکدارییەکان لە پاشماوەکانی بەعس و گرووپە تیرۆریستییەکان بەشداری تێدا بکەن.

مەسڵەت لەگێڕانەوەکەیدا دەڵێت: بەپێی پلانەکە سەرەتا لەڕێگای شۆڤڵەوە دەبوو ئەو ڕێگا سەرەکییە بگرن کە لەکاتی داداگاییکردنیدا سەددامی  لە زیندانەکەیەوە پێدا دەگوازرایەوە بۆ باڵاخانەی دادگاییەکردنەکەی.

بە وتەی مەسڵەت پلانەکە زۆر بە وردیی دارێژرابوو، بەشێوەیەک ژمارەیەکی زۆر لە چەکدار بەشدارییان لە جێبەجێکردنی پلانەکەدا دەکرد، بۆئەومەبەستەش ماڵێکی تایبەت ئامادەکرابوو بۆئەوەی لەدوای دەرهێنانی لە زیندان سەددامی تێدا حەشار بدرێت.

لەبەشێکی تری گێڕانەوەکەیدا دەڵێت سەددام خۆی ئاگاداری پلانەکە و وردەکارییەکانی بوو، بەڵام بەماوەیەکی کەم لە جێبەجێکردنی بڕیاری هەڵوەشاندنەوە و ڕاگرتنیدا، لەبەرئەوەی دەیزانی کە ئەمەریکییەکان لەدوایین ساتدا هیچ سڵێک لە کوشتنی ناکەنەوە ئەگەر بزانن پڕۆسەی دەربازکردنەکەی دیکتاتۆری پێشووی عێراق خەریکە سەرکەوتوو دەبێت.

کەسە نزیکەکەی سەددام روونیکردۆتەوە کە داڕشتنی پڕۆسەکە سەد لەسەد عێراقیی بووە و هیچ لایەنێکی دەرەکیی دەستی تێدا نەبووە، ئەو دەنگۆیانەش رەتدەکاتەوە کە گوایە عەقید موعممەڕ قەززافی ڕێبەری لەسەرکارلابراوی لیبیا لەوکاتەدا ئاگاداری پلانەکە بووە.

مەسڵەت ئەوەشی باسنەکردووە کە چۆن لە زینداندا وردەکاریی پلانەکە لەگەڵ سەددامدا باسکراوە بێئەوەی ئەمەریکییەکان لەڕێگای ئامێرەکانیانەوە ئەوە تۆمار بکەن و پێی بزانن.

ئامادەکردن: ئاکۆ ئاڵی


بەپەلە