نەتەوەیەکگرتوەکان بۆ ئاشکراکردنی چارەنوسی 100 هەزار كه‌س داوای 400 ملیۆن دۆلار دەکات

جیهان

22/01/2022‌ 1253 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

ڕێکخراوی نەتەوەیەکگرتوەکان هەڵمەتێکی بۆ کۆکردنەوەی 400 ملیۆن دۆلار بۆ ئاشکراکردنی چارەنوسی دەستگیرکراوو شوێنبزربوان‌و پشتیوانیکردنی مافەکانی مرۆڤ لەجیهان دەستپێکردوە کە بەشێکی گەورەی ئەو پارەیە بۆ ئاشکراکردنی چارەنوسی شوێنبزربوانی سوریایە کە بەزیاتر لە100 هەزار شوێنبزربو هەژماردەکرێن.


لەوبارەیەوە میشیل باشیلیت کۆمسیۆنەری کۆمسیۆنی باڵای مافەکانی مرۆڤی سەر بەنەتەوەیەکگرتوەکان بانگەوازێکی بۆ کۆکردنەوەی 400.5 ملیۆن دۆلار لەساڵی 2022 ڕاگەیاندوەو داوای لەوڵات‌و لایەنە کۆمەکبەخشەکان کردوە پشتیوانی "پلانی تایبەت بەمافەکان" بکەن.

وتویه‌تى:"بەشێک لەو پارەدارکردنە بۆ چارەسەرکردنی گرفتی گیراوو شوێنبزربوانی سوریا دەبێت".

بەپێی پلانی کۆمسیۆنی باڵای مافەکانی مرۆڤ، نەتەوەیەکگرتووەکان بەردەوامدەبێت لەیارمەتیدانی ئاشکراکردنی چارەنوسی 100 هەزار کەس، کە هێشتا لەزیندانەکانی سوریادا دەستبەسەر یان شوێنبزرکراون، جگەلەوەی کۆمسیۆنەکە لەڕێگای ئەو کۆمەکەوە کار لەسەر پشتیوانیکردنی مافەکانی مرۆڤ‌و بەهێزکردنیان لەسەرتانسەری جیهاندا دەکات.

تۆڕی سوریی بۆ مافەکانی مرۆڤ لەدوایین ڕاپۆرتی خۆیدا ئاماژەی بەوەکرد، ژمارەی دەستگیرکراوو بێسەروشوێنکراوەکانی سوریا لەساڵی 2011وە تائێستا دەگاتە 150 هەزار کەس، کە بەشی هەرە زۆریان قوربانی دەستی ڕژێمی سوریان.

و: ئاکۆ ئاڵی