موژده‌یه‌ك له‌تەندروستیی جیهانیه‌وه‌

جیهان

24/01/2022‌ 2833 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

ڕێکخراوی تەندروستیی جیهانیی ڕایگەیاند، پێشبینیدەکرێت دوای کۆتاییهاتنی کۆرۆنای شێوە گۆڕاوی "ئۆمیکرۆن" کۆتایی گریمانکراوی پەتای کۆڕۆنا (کۆڤید-19) بێت.


بەگوێرەی ئاژانسی فڕانس پرێس، هانس کڵۆگە بەڕێوەبەری لقی ئەوروپای ڕێکخراوی تەندروستیی جیهانیی وتویەتی:"شێوە گۆڕاوی ئۆمیکرۆن کە تاوەکو مانگی مارس لەسەدا 60ی ئەوروپاییەکان توشدەکات، بەوەش قۆناغێکی نوێی پەتای ڤایرۆسی کۆرۆنا لەناوچەکە دەستپێدەکات‌و قەیرانەکە لەکۆتایی نزیکدەکاتەوە.

چەند ڕۆژێک لەمەوبەریش، تێدرۆس ئەدهانۆم گیبرسۆسی بەڕێوەبەری ڕێکخراوی تەندروستی جیهانیی هۆشدارییدابوو لەدەرکەوتنی زنجیرەی نوێی کۆرۆنا لەدوای کۆتاییهاتنی شێوە گۆڕاوی "ئۆمیکڕۆن".

بەڕێوەبەری ڕێکخراوی تەندروستیی جیهانیی ئاماژەی بەگرنگیی چاودێریی‌و هەڵسەنگاندنی دۆخەکە بۆ ئەگەری دەرکەوتنی زنجیرەی نوێی ڤایرۆسی کۆرۆنا کردبوو.

بەپێی داتاکانی ڕێکخراوە جیهانییەکە، تاوەکو ڕۆژی یەکشەممە، 349 ملیۆن کەس لەسەرتاسەری جیهاندا توشی ڤایرۆسی کۆرۆنا هاتون کە لەو ژمارەیە 5.59 ملیۆنیان گیانیان لەدەستداوە.

هەروەک تائێستا 9.87 ملیار ژەمە ڤاکسین لەسەرتاسەری جیهاندا دراوە، کە 4.09 ملیار کەس هەردوو ژەمەکەیان وەرگرتوە کە دەکاتە 52.5% دانیشتوانی جیهان.