نێچيرڤان بارزانى: سەنديكايەكى پيشەييم دەوێت

کوردستان

07/03/2022‌ 1639 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس: ئەنوەر حسێن

كە چووينە ژوورەوە، سەرۆکى هەرێم وەستا بوو، يەك بە يەك تەوقەى لەگەڵ ستافەكەى ئێمە كرد، ئينجا وتى: بەخێر بێن، بەڵام با پێش ئەوەى ئێوە گلەيى بكەن، من داواى لێبوردن بكەم، كە دەبوو ئەم ديدارە زووتر بوايە، بەڵام فەرموو ئێوە قسە بكەن، من گوێ دەگرم. 

ئێمە باسى ئەوەمانكرد:
- كارى ميديا لە هەرێمى كوردستان، تەندروست نييە و پێويستى بە ڕێكخستن هەيە، بە ياسا، ئيتيك، هوشيارى و گرتنەبەرى ڕێگاى جۆراوجۆر بۆ ئەم گرفتە. 

- سيستمى سياسى و ئيدارى گرفتى زۆرە، بۆيە شتێكى عەجيب نييە، كە ميدياش تەندروست نييە. 

- بەڵام نابێت تەنها و تەنها هەموو گرفتەكان، بخەينە ملى ميديا. 

- كارى ڕۆژنامەنووس و ميديا لە كوردستان، نەبۆتە پيشە. 

- ئێمە وتمان: پێنج ڕۆژنامەنووس تيرۆر كراون و سەدان پێشێلكارى بەرامبەر ڕۆژنامەنووسان كراوە، بەڵام هێشتا ئازادى هەيە. 

لە وەڵامدا سەرۆكى هەرێمى كوردستان وتى: 

- لە بارەى ميديا و سۆسيال ميدياوە، لێتان ناشارمەوە نيگەرانم، چونكە جۆرێك لە فەوزا دروستبوە، بەڵام نابێت كۆڵ بدەين لە چاككردنى. 

- هەندێ ڕووداو و كەيسى ميديا و ڕۆژنامەنووس هەيە، ئێمە گەورەى دەكەين و هەندێكى ئێوە گەورەى دەكەن، كە دەبێ هەردوولامان واقيعييەت باسبكەين، هەندێ كەيس هەيە، باش مامەڵەمان لەگەڵ نەكردوون، زەرەرى داوە لە پێگەى هەرێم و پرسى ئازادى. 

- كارى سەنديكاى ڕۆژنامەنووسان ئەوەيە، (ڕاستگۆيى و پيشەيبوون) بكەنە مانيفێستى خۆتان. 
- ديفاع لە ئازادى بكەن.  
- ديفاع لە مەزڵوم بكەن. 
- "ميللەتى ئێمە خەباتى بۆ ئازادى كردوە، ناكرێت ئازاديى لێ زەوت بكرێت"، گەلى كورد شەهيدى داوە، زەحمەتى كێشاوە، قوربانى داوە، شايەنى ڕێزگرتن و خزمەت و دابينكردنى ئازادييە. 

لەناو گفتوگۆكاندا، سەبارەت بەو پرسە وتمان: 

- ئێمە بەشێكين لە ئەزموونى سياسى كوردستان، بەڵام داكۆكى لە ئازادى دەكەين. 
- سەنديكاى ڕۆژنامەنووسانيش، كەموكوڕى خۆى هەيە. 
لە بەشى دووهەمدا من وتم: پێم خۆشە لەسەر سێ تەوەرى گرنگ قسە بكەين: 
- قەيرانى پۆستى سەرۆكۆمار. 
- بڕيارەكانى دادگاى فيدڕاڵى و كاريگەرى لەسەر هەرێمى كوردستان. 
- شەڕى ڕوسيا و ئۆكرانيا، كاريگەرى لەسەر كوردستان. 

سەرۆكى هەرێم لە وەڵامدا وتى: 
يەكەم: شەڕ لەسەر پۆستى سەرۆكۆمار لەناو كورددا، كارێكى باش نييە، زەرەر دەدات لە پێگەى هەرێم، نەدەبوو بگاتە ئێرە و دەبوو خۆمان حەلمان بكردايە، بەڵام هێشتا من وەكو سەرۆكى هەرێم پێموايە حەل ماوە و چارەسەر دەبێت. 

دووهەم: بڕيارەكانى دادگاى فيدڕاڵى، تەواو سياسين، دادگا بێ لايەن نييە و هەر كات ويستيان كارێك بكەن دژى هەرێم، دادگا دێتە سەر خەت، ئەگەرنا بۆچى پاش (10) ساڵ، ئەو كەيسە دەجوڵێنن؟ 

بەڵام غەدر لە هەرێم دەكەن، لەگەڵ ئەوەشدا من لەگەڵ چارەسەرم لەگەڵ عێراقدا بە ديالۆگ، گەر مافى هەردوولامان نەفەوتێ و باشترين ئەڵتەرناتيڤ، ديالۆگ و هەماهەنگييە. 

- گرفتێكى تر خۆمانين، كە يەكگرتوو نين، بەش بەش بووين، كە دڵنيا بن ڕێككەوتن و هاوپەيمانى بە جيا جيا لەگەڵ شيعە و سوننە لە زەرەرى كوردە و نابێت كەسمان دڵى پێخۆش بكەين، بەڵكو دەبێت خۆمان يەكگرتوو بكەين. 

- من لەگەڵ ئەوەم ڕێز لە سيادە و سەروەرى عێراق بگرين، بەڵام بە مافەكانى هەرێمى كوردستانەوە. 

- بەڵام بەداخەوە، ئێمە باش لە مەترسييەكان تێناگەين، ئەگەرنا كاتى خۆى زۆرجار خوالێخۆشبوو مام جەلال دەيوت: با دوو قۆڵى دوو قسە بكەين، گەورەترين كێشەى نێوانمان، بە (10) خولەك حەل دەكرد. 

- ئێستاش من لە پرسى كورد لە ڕۆژهەڵات، ڕۆژئاوا و باكور، بەردەوام لە ئاستى ناوخۆ، يان دەرەكى هەوڵدەدەم پشتيوانى ئەوان بكەم و لەگەڵ وڵاتەكانيان بە ئاشتى كێشەكانيان حەل بكەن، ئەمكارەشم بە ئاشكرا ڕاگەياندوە. 

- لە بارەى پرسى ئۆكرانياوە وتى: ئێمەش ئەو شەڕەمان پێناخۆشە. 

ئەم گفتوگۆييە ديدارى نێوان نێچيرڤان بارزانى سەرۆكى هەرێمى كوردستان و ئەنجوومەنى سەنديكاى ڕۆژنامەنووسانى كوردستانە، ڕۆژى (3ى ئازارى 2022) لە هەولێر بەڕێوەچوو.

بەپەلە