فه‌رمانده‌یه‌كى پێشمه‌رگه‌ زانیارییه‌كى مه‌ترسیدار ئاشكراده‌كات

کوردستان

27/04/2022‌ 3944 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

فه‌رمانده‌یه‌كى پێشمه‌رگه‌ ئاشكرایده‌كات، ئه‌و داعشانه‌ى شوانه‌ كورده‌كان ده‌ڕفێنن‌و دواتر ئازادیان ده‌كه‌ن له‌به‌رامبه‌ر پاره‌دا، ئه‌وانیش كوردن، ده‌شڵێت:"ئه‌مه‌ش پیلانێكى نوێیه‌ له‌سنوره‌كه‌ جێبه‌جێده‌كرێت".

ڕفاندنی شوان‌و ئازادکردنیان لەبەرامبەر بڕێک پارەدا، یەکێکە لەپیلانە نوێیەکانی داعش، کە بەتەواوەتی گوندنیشینە کوردەکانی ناوچەی غەڕەو پەڵکانەی باکوری ڕۆژهەڵاتی قەزای خورماتووی پارێزگای سەڵاحەدینی بێزارکردووە بەوپێیەی تائێستا چەندین شوانیان ڕفێنراوە.

ده‌نگى ئه‌مریكا بڵاویكردۆته‌وه‌، چەند ڕۆژێک لەمەوبەر شوانێکی کوردی سنوره‌كه‌ لەلایەن داعشەوە بە 25 هەزار دۆلار ئازادکراو دووشەممەى ڕابردووش، شوانێکی تر لەهەمان ناوچە ڕفێنراو چاوەڕواندەکرێت داوای پارە لەکەسوکارەکەی بکرێت.

عەمید جەمال وارانی فەرماندەی لیوای 144ی هێزی پێشمەرگە وتویه‌تى:"لەئۆپەراسیۆنەکانی چەند مانگی ڕابردوودا، زەرەرێکی گەورەمان لەداعشداو بنکەو بارەگا سەرەکیەکانی ئەو ڕێکخراوەمان لەناوچەکە خاپور کرد، سێ شوێنمان دیاریکرد هێزی لێ جێگیربکەین، هێزمان لەدوو جێگە جێگیرکرد، بەڵام بەبیانووی پێکهێنانی لیوای هاوبەشەوە، عێراق ڕازینەبوو هێزی زیاتر جێگیربکەین، کەچی بەهۆی دابین نەکردنی بودجە لەلایەن عێراقەوە، دوو لیوا هاوبەشەکەش تائێستا پێکنەهێنراون".

وتیشی:"11 چەکداری داعش بۆ ناوچەکە گەڕاونەتەوە، شوان‌و خەڵکی کورد دەڕفێنن‌و بەرامبەر پارە ئازادیان دەکەن، ئەو چەکدارانەش تێکەڵەن لەکورد، عەرەب، تورکمان‌و خەڵکی ناوچەکەن‌و لەدیوی عێراقەوە دێن".

سەبارەت بەژمارەی چەکدارە کوردەکانی نێو داعش لەناوچەکە، ئه‌فسه‌ره‌ باڵاكه‌ى پێشمه‌رگه‌ ده‌ڵێت:"هەندێکجار لە 10 چەکداری داعش، 3 چەکدار یان 4 چەکداریان کوردن، عەرەب‌و تورکمانیشیان تێدایە، کوردی ئێرانیشیان تێدایەو زانیاری وردمان لەسەریان هەیە".

به‌وته‌ى وارانى، "چەکدارە کوردەکانی داعش، تێیاندایە چوار پێنج ساڵێکەو بەخواستی خۆی پەیوەندی بەو ڕێکخراوەوە کردووەو هەیانە پێشتر قاعیدە بووەو دواتر بەیعەتی بەداعش داوە".

ش.هـ