شارپرێس:
یه‌كێتى له‌باره‌ى كۆبوونه‌وه له‌گه‌ڵ پارتى بڕیارێكى ڕاگه‌یاندو سه‌رچاوه‌یه‌كى باڵاى یه‌كێتیش ئاشكرایده‌كات، "ئامادەین بۆ چارەسەری گرفتەکانی هەولێرو بەغدا لەگەڵ پارتی کۆببینەوە، به‌ڵام پرسى هه‌ولێرو به‌غدا دوو پرسى جیاوازن‌و به‌جیا ده‌بێت گفتوگۆیان له‌باره‌وه بكرێت".
ئه‌مڕۆ یەکشەممە 15ى 5ى 2022 دەستەی کارگێڕیی مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لەدەباشان کۆبۆوه، به‌گوێره‌ى ئه‌وه‌ى ڕاگه‌یه‌نرابوو، هەرچەندە بڕیاربوو لەکۆبوونەوەکەدا سەرجەم ئەندامانی مەکتەبی سیاسی بەشداربن، بەڵام شێوازی کۆبوونەوەکە گۆڕدرا بۆ کۆبوونەوەیەکی بچووکترو تەنها ئەندامانی دەستەی کارگێڕیی‌و بافڵ تاڵەبانی ئامادەبوون‌و وەڵامی یەکێتییان بۆ پارتی دیموکراتی کوردستان تاوتوێکردووە.
میدیاى پارتى له‌زارى سەرچاوەیەکی باڵاى یەکێتیه‌وه ئاشكرایكردووه، دەستەی کارگێڕیی مەکتەبی سیاسی بڕیاریداوەو ئامادەیە پێشوازی لەهەر شاندێکی پارتی بکات کە مەبەستی گفتوگۆکردن لەبارەی کێشەکانی نێوان یەکێتی‌و پارتی‌و پرسە هەستیارەکانی هەرێمی کوردستان‌و عێراق سەردانیان بکەن".
سەرچاوە باڵاكه‌ى یه‌كێتى باسى له‌وه‌شكردووه، ده‌رگامان واڵایەو بەئەرێنی وەڵامی پارتیان داوەتەوە بۆ ئەنجامدانی کۆبوونەوە لەماوەیەکی نزیکدا.
ئه‌وه‌شى نه‌شاردۆته‌وه، "بەڵام بەڕوونی ئه‌وه‌مان به‌پارتى وتووه، یەکێتی وەکو دوو مەلەفی جیاواز مامەڵە لەگەڵ پرسی هەڵبژاردنەکانی هەرێم‌و پرسی سەرۆک کۆماری عێراق دەکات، واته وەک یەک بابەتی گفتوگۆ قسەیان لەسەرناکات، بەڵکو بەجیا دەبێت باسبکرێن".
ئه‌مه‌ش له‌كاتێكدایه هه‌فته‌ى ڕابردوو نێچیرڤان بارزانى سه‌رۆكى هه‌رێم‌و جێگرى سه‌رۆكى پارتى به‌سه‌ردانێكى نهێنى گه‌یشته هاوینه‌هه‌وارى دوكان‌و له‌گه‌ڵ به‌رپرسانى باڵاى یه‌كێتى كۆبوونه‌وه‌ى ئه‌نجامداو به‌بێ ڕاگه‌یاندنى ناوه‌ڕۆكى كۆبوونه‌وه‌كه، دواى چه‌ند كاتژمێرێك گه‌ڕایه‌وه هه‌ولێر.
لەپەیامی پیرۆزبایی جەژنی ڕەمەزانیشدا نێچیرڤان بارزانى وه‌ك سه‌رۆكى هه‌رێم دەستپێشخەرییەکی خستە بەردەم لایەنە سیاسییەکان‌و داوای لەپارتی‌و یەکێتی‌و سەرجەم لایه‌نه كوردستانییه‌كان کرد جه‌ژن بكه‌نه ده‌رفه‌تێک بۆ وەلاوەنانی كێشه‌و ناكۆكییەکان.
لاى خۆیشیه‌وه دڵشاد شەهاب ڕاوێژکاری باڵای سەرۆکی هەرێم وتوویه‌تى، "یەکێتی‌و پارتی وەڵامی دەستپێشخەریی سەرۆکایەتیی هەرێمی داوەتەوەو سەرۆکایەتیی هەرێمیش کۆڵنادات‌و دەیەوێت یەکڕیزی بێتە ئاراوە".
ش.هـ