شارپرێس:
بەئامادەبونی سەرۆکی هەرێمو جێگرەکانیو جێگری سەرۆکی حکومەتو بافڵ تاڵەبانیو ژمارەیەکی زۆر لەپەرلەمانتارانو وەزیرانو گەورە بەرپرسانی حکومەتی هەرێمو پارتی یەکێتی، لەکۆلێژی سەربازیی قەڵاچوالان ئەفسەرانی دوو خولی سەربازیی کۆلێژەکە دەرچونو پلەی ئەفسەریان پێبەخشرا.
دەرچونی هەر پۆلێک لەئەفسەرانو پلەداران لەوڵاتان دەبێتە حاڵەتێکی دڵخۆشکەرو جێگەی هیوا بۆ هاوڵاتیەکانی بەمەبەستی چەسپاندنی زیاتری یاساکانو بەرگری لەخاكو نیشتمانەکەیان.
بەڵام ئەوەی لەهەرێمی کوردستان بینرا ڕەنگە دیمەنەکە پێچەوانە بکاتەوەو خەڵک نەک بەهیواوە لەو حاڵەتە نەڕوانن، بەڵکو ئەویش ببێتە هۆی بێهیواییەکی تر بۆ هاوڵاتیانو کۆمەڵگە، چونکە بڵاوبونەوەی دیمەنەکانو وێنەو ڤیدیۆکان ڕاستیەکیان سەلماند کە ساڵانێکی زۆرە بوەتە جێگەی ڕەخنەو نیگەرانیو ناڕەزایی هاوڵاتیانو ڕۆشنبیرانو چاودێران.
لەمەراسیمەکەدا لەسەر ئاستێکی باڵاو لەلایەن وەزیری پێشمەرگەو سەرۆکی هەرێمی کوردستانەوە جەخت لەوەکرایەوە کە دەستی حزبو کەسایەتیە سیاسیەکان دوربخرێتەوە لەوەزارەتی پێشمەرگەو هێزەکانی پێشمەرگە، سەرۆکی هەرێم وەک فەرماندەی هێزە چەکدارەکان چەندجارێک جەختی لەوەکردەوە کە نابێت چیدی حزبەکانو کەسی نێو حزبەکان خاوەنی هێزو پلەو پایەی سەربازی بنو دروستکردنی هێز لەدەرەوەی وەزارەتی پێشمەرگە قبوڵکراو نییە.
ئەم وتانەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان کە لەچەند بۆنەیەکدا دووپاتیکردۆتەوە بوەتە جێگەی ئومێد بۆ بەشیک لەهاوڵاتیانو بەشێكی تریشیان پێیانوایە، ئەوەی ئەوکارانە دەکات حزبەکەی سەرۆکی هەرێمو حزبە هاوبەشەکانیەتی نەک خەڵکی ئاساییو ئەگەر ئەو مەبەستیەتی دەستی حزب لەهێزی پێشمەرگە دوربخاتەوە با لەحزبەکەی خۆییو بەرپرسانی حزبەکەیەوە دەستپێبکات.
لەدوای تەواوبونی مەراسیمی دەرچونی ئەفسەرەکان تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان تەنران بەوێنەو ڤیدیۆی خوێندکارە دەرچوەکانو ئەوەی بوە جێگەی سەرنج بەشێکی زۆری ئەوکەسانەی کە وێنەکانیان بڵاودەکرانەوە کوڕو براو برازاو ئەندامانی بنەماڵەی وەزیرو پەرلەمانتارو فەرماندە سەربازیەکانی هەرێمی کوردستان بوون، بەجۆرێک کە بەرپرسی باڵا هەیە کوڕێکیو برازایەکی پێکەوە کۆلێژەکەیان تەواوکردوەو فەرماندەی سەربازیش هەیە کە کوڕێکو کچێکی پێکەوە لەدوو خولی دوای یەکدا بونەتە ئەفسەرو پلەدارو ئەندامانی سەرکردایەتیو مەکتەب سیاسیش بەهەمانشێوە خاوەنی پشکی کوڕو براو برازا بوون لەکۆلێژەکە.
لەلایەکی ترەوە بەشێک لەکەسایەتیە کۆمەڵایەتیەکانو سەرۆک هۆزەکان بەتایبەت ئەوانەیان کە لەنێو هێزە سیاسیەکاندا خاوەنی پێگەی حزبین پشکی شێریان لەدەرچوانی کۆلێژەکە بەرکەوتوەو کوڕو براو ئەندامانی هۆزو بنەماڵەکەیان لەکۆلێژی سەربازیی دەرچونو وێنەو ڤیدیۆیان بڵاودەکەنەوە.
ئەگەرچی ڕەنگە لەپاڵ ئەمانیشدا بەشێک لەهاوڵاتیانی ئاساییو بەمافی خۆیان کەسانێک بوبنە خوێندکاری کۆلێژەکەو ئەوانیش بەپشتگیرییو تەزکیەی حزبی توانیبێتیان لەکۆلێژەکە وەربگیرێن، بەڵام ئەوە هیچ لەو ڕاستیە ناشارێتەوە کە دەستی حزبو بەرپرسانی حزبو کەسایەتیە کۆمەڵایەتیو فەرماندە سەربازیەکان لەکۆلێژەکە کاری خۆی کردوەو بڵاوکردنەوە وێنەو دیمەنەکان لەلایەن خودی خۆیانەوە باشترین ئاماژەی ئەو ڕاستیەیە کە ساڵانێکە باسدەکرێتو حزبو حکومەت حاشای لێدەکەن.
لەکۆمێنتی یەکێک لەو بەرپرسانەدا کە وێنەی کوڕەکەی بڵاوکردەوەتەوە پێشمەرگەیەک نوسیویەتی من کوڕە هەژارمو خاوەنی بڕوانامەی زانکۆمو سەرجەم مەرجەکانی کۆلێژەکەشم تێدابوو، واستەی دونیام کرد بۆ ئەوەی لەکۆلێژەکە وەربگیرێم، کەچی لەبەرئەوەی من کوڕە بەرپرس نەبووم ناوی من دەرهێنراو ناوی کوڕەکەی تۆ کرایە لیستەکەوە، واتە ئەو پلەیەی کوڕەکەی تۆ، پلەی منەو ئێستا بەو بەخشراوە.
ساڵانێکە لەهەرێمی کوردستان ڕەخنەی توند لەو دیاردانە دەگیرێت کە خولو پەیمانگاو کۆلێژەکانی تایبەت بەپێگەیاندنو پلەدان بەئەفسەرانی پێشمەرگەو هێزەکانی ناوخۆ قۆرخکراونو جگە لەکوڕو براو کەسی بەرپرسان کەسی تر ناتوانێت لەوێ وەربگرێت، تەنانەت ئێستا وای لێهاتوە ئەو خولو ڕاهێنانانەی کە لەوڵاتان بۆ ئەفسەرانو پێشمەرگەو ئەندامانی هێزە ئەمنیەکان دەکرێتەوە کوڕو کچی بەرپرسانو فەرماندەو پلەداران بەشداریی تێدادەکەنو دەبنە خاوەنی بڕوانامەی باڵا لەو بوارانەداو کوڕو کچی کەسانی ئاسایی بێبەشدەکرێنو ناتوانن پلە سەربازییەکان وەک ئەوان ببڕن.
