كاتی دابەشكردنی بەنزینی 800 دیناری لە سلێمانی دیاریكرا

کوردستان

16/06/2022‌ 1581 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس
دوای كۆبونەوەی پارێزگاری سلێمانی و بریكاری وەزارەتی سامانەسروشتییەكان بڕیاردرا، لە سبەینێوە ڕۆژانە لە 33 بەنزینخانەی سنوری پارێزگای سلێمانیدا، دەست بە دابەشکردنی بەنزین بكرێت كە نرخی بە 800 دینار دیاریكراوە. 

ئەمڕۆ پێنج شەممە د.هەڤاڵ ئەبوبەکر پارێزگاری سلێمانی لەگەڵ ئەحمەد موفتی، بریکاری وەزارەتی سامانە سروشتیەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان كۆبویەوە و گفتوگۆ لەسەر چۆنیەتی جێبەجێکردنی بڕیاری حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ دابینکردنی بەنزینی نۆرماڵ بەنرخی ٨٠٠ هەشت سەد دینار بۆ لیترێک کرا.

لە کۆبوونەوەکەدا بڕیار درا لە سبەینێوە، ڕۆژانە لە 33 بەنزینخانەی سنوری پارێزگای سلێمانیدا، دەست بە دابەشکردنی بڕی زیاتر لە ملیۆنێک لیتر بەنزین دەکرێت و لەسەرەتای ئەم پڕۆسەیەدا ئەولەویەت بە دابینکردنی بەنزین بۆ ئۆتۆمبێلی تەکسی و هێڵی گواستنەوەی گشتی دەبێت و دواتر هەموو ئۆتۆمبیلێک دەگرێتەوە.

بەڕێوەبەرێتی نەوت و کانزاکان و لیژنە هاوبەشەکانی قائیمقامیەت ڕاسپێردران بە چاودێریکردنی وردی قەبارەو کوالیتی و نرخ و دابەشکردنی بەسەر بەنزینخانەکاندا، بەشێوەیەک کە بە کوالیتی باش بگاتە دەستی هاوڵاتیان.

لەهەمان کاتدا جەخت لەسەر هەموو کارئاسانیەکی کارگێڕی و دارایی و تەکنیکی بۆ هێنانی بەنزینی بازرگانیی لە دەرەوەی هەرێمی کوردستان لە لایەن بازرگانانەوە بەمەرجی پاراستنی کوالیتی کرایەوە.

سبەینێ لەسەر بنەمای ژمارەی تاک و جووت دەست بە دابەشکردنی بەنزین دەکرێت لە تەواوی سنوری پارێزگای سلێمانی و دەوروبەریدا.
س.س