وەزیری ئاوەدانكردنەوە كاتی تەواوكردنی ڕێگای كەلار – دەربەندیخانی ڕاگەیاند

کوردستان

23/06/2022‌ 779 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس
وەزیری ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردنی هەرێم ڕایدەگەیەنێت، پێشنیاریان کردوە مانگانە بڕی 10 ملیۆن دۆلار لە پارەی نەوت بۆ رێگاوبانەکان تەرخان بکرێت و بەو بڕە پارەیەش دەتوانن بەشێکی زۆری رێگاکان بە دوساید بکەن.

دانا عەبدولکەریم، وەزیری ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن لە دانیشتنی ئەمڕۆی پەرلەمانی کوردستان وەڵامی پرسیارەکانی پەرلەمانتارانی دایەوە و لەو چوارچێوەیەدا ئاماژەی بەوەکرد،60 پرۆژە لە ماوەی سێ ساڵدا تەواوکراوە، لە پارێزگای هەولێر 24 پڕۆژەی رێگاوبان جێبەجێکراوە، کە کۆی گشتی 661 کیلۆمەتر بوە بە 464 ملیار دینار بوە، هەروەها لە پارێزگای سلێمانی 26 پڕۆژە بوە کە 315 کیلۆمەترە و بەبەهای 120 ملیار دینار جێبەجێکراوە، لە لە پارێزگای دهۆكیش 10 پڕۆژە بوە کە 236 کیلۆمەتر بوە و بە بەهای 269 ملیار دینار جێبەجێکراوە. 

سەبارەت بە پڕۆژە بەردەوامەکانیش، وەزیری ئاوەدانکردنەوە رایگەیاند، لە سلێمانی 17 پڕۆژە کاری تێدا دەکرێت بە گوژمەی یەک ملیار و 254 ملیۆن دینار و لە پارێزگای هەولێر یەک پڕۆژە کاری تێدا دەکرێت بە گوژمەی 16ملیۆن دینار.

لەبارەی بەکێشەکانی رێگای کەلار – دەربەندیخان وەزیری وتی: بەهۆی قەیرانی داراییەوە کارکردن تێیدا وەستابو، لەگەڵ دەستبەکاربونی کابینەی نۆیەم ئەم پڕۆژەیە خرایەوە گەڕ وە ئەوکاتەی دەستبەکاربونی رێژەی جێبەجێکردنی پڕۆژەکە 15٪ کەمتربو، بەڵام ئێستا رێژەی جێبەجێکردنی پڕۆژەکە 55٪، واتە لەماوەی ئەم سێ ساڵەدا رێژەی جێبەجێکردن لەسەدا 40 زیادیکردوە و ئەو بڕە پارەیەی کە پێویستە بۆ تەواوکردنی 60 ملیار دینارە و بە خەرجکردنی دەتوانین لەماوەی 12 مانگی داهاتودا لەسەدا سەدی رێگاکە تەواو بکرێت.
س.س