تەندروستیی فەرەنسا هۆشداریدەدات: ئاگاداربن ئەم خۆراکە توشی شێرپەنجەتان دەکات

تەندروستی

20/07/2022‌ 577 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

دەسەڵاتدارانی تەندروستیی فەرەنسا جەختیانکردۆتەوە لەپەیوەندیی هەیە لەنێوان مەترسیی تووشبوون بەنەخۆشیی شێرپەنجەی کۆڵۆن‌و ڕیخۆڵەو بەکەوتن بەنیترات‌و نیتریت، بەتایبەت لەڕێگای خواردنی گۆشتە پڕۆسێسکراوو لەقوتوونراوەکانەوە.

ئاژانسی نیشتمانیی سەلامەتیی خۆراک لەفەڕەنسا جەختیکردۆتەوە، شیکردنەوەی زانیارییەکانی ئەم بابەتە لەبڵاوکراوە زانستییەکان "لەگەڵ پۆلێنکردنی ئاژانسی نێودەوڵەتیی بۆ توێژینەوە لەسەر شێرپەنجە یەکدەگرێتەوە".

لەساڵی 2015دا ئاژانسی نێودەوڵەتی بۆ توێژینەوەکانی شێرپەنجە کە سەر بەڕێکخراوی تەندروستیی جیهانییە، گۆشتی پرۆسێسکراو، لەنێویاندا گۆشتی لەقوتوونراوی وەک مادەیەکی شێرپەنجەیی لەپلەی یەکدا پۆلێن کرد.

ئاژانسەکە گەیشتۆتە ئەو دەرئەنجامەی کە ئەو جۆرە گۆشتە لەگەڵ چەند بابەتێکی تردا، ئەگەری تووشبوون بەشێرپەنجەی کۆلۆن‌و ڕیخۆڵە زیاد دەکەن، کە ساڵانە هۆکارە بۆ گیانلەدەستدانی زیاتر لە18 هەزار کەس لەفەرەنسا.

ئاژانسی نیشتیمانیی بۆ سەلامەتیی خۆراک لەفەرەنسا ڕێنماییداوە بەوەی پێویستە بەکاربردنی نیترات کەمبکرێتەوە، ئەویش بەگرتنەبەری چەند ڕێکارێکی وەک سنووردارکردنی خواردنی ئەو خۆراکانەی کە نیتراتی تێدایە، وەک گۆشتە پرۆسێسکراوو لەقوتوونراوەکان.

بەرهەمهێنەرانی گۆشتی پڕۆسێسکراو لەمێژوودا پێکهاتەی نیتراتیان بەکارهێناوە بۆ درێژکردنەوەی تەمەنی گریمانکراوی بەرهەمەکان‌و ڕێگریکردن لەگەشەکردنی بەکتریا نەخۆشخوازەکان کە بەتایبەتی دەبێتە هۆی ژەهراویبوونی خۆراک.

و: ئاکۆ ئاڵی