سەدان خێزانی چەکدارانی داعش لەڕۆژئاوای کوردستانەوە بەرەو عێراق دەگوازرێنەوە

عیراق

11/08/2022‌ 1785 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

وەزارەتی کۆچ‌و کۆچبەرانی عێراق ڕایگەیاند، بڕیارداوە 500 خێزانی چەکدارە داعشە بەڕەچەڵەک عێراقییەکان لەکه‌مپی هۆڵی ڕۆژئاوای کوردستانەوە بۆ که‌مپەکانی ناوخۆی عێراق بگوازرێتەوە، وته‌بێژى ئه‌و وه‌زاره‌ته‌ش ده‌ڵێت:"بەشێک لەبودجەی یاسای ئاسایشی خۆراک بۆ ئەو پڕۆسەیە تەرخانکراوە".


عەلی عەباس جیهانگیر وتەبێژی وەزارەتی کۆچ‌و کۆچبەران بەئاژانسی هەواڵی عێراقی (واع)ی ڕاگەیاندووە، "بڕیاربوو ئەمساڵ بەهاوکاریی لەگەڵ ڕاوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی‌و دەزگا ئەمنییەکانی عێراق، 500 خێزانی که‌مپی هۆڵی ڕۆژئاوای کوردستان بەشێوەی وەجبە بگەڕێنرێنەوە بۆ عێراق".

هەروەک وتویەتی، "دەستمانکردووە بەگواستنەوەی وەجبەی یەکەمی ئاوارەکانی که‌مپی هۆل کە ژمارەیان نزیکەی 153 خێزانە، سەبارەت بەوەجبەی دووەمیش کە نزیکەی 150 خێزان دەگرێتەوە لەماوەی چەند ڕۆژی داهاتوودا دەگەڕێنرێنەوە بۆ عێراق‌و لەکه‌مپی جەدعە نیشتەجێدەکرێن، کە زۆربەیان کەسانی بەساڵاچوو و نەخۆشن، تیمێکی پزیشکیش یاوەرییان دەکات، ئەوانەی تریش  کە دەمێنێتەوەو ژمارەیان 500 کەسە، هەمویان تاکۆتایی ئەمساڵ دەگوازرێنەوە".

جیهانگیر ئاماژەی بەوەشکردووە، ئەو خێزانانەی لەڕۆژئاوای کوردستانەوە دەگوازرێنەوە، خەڵکی پارێزگاکانی ئەنبارو سەڵاحەدین‌و نەینەوان‌و دوای هێنانه‌وه‌یان بەسەر پارێزگاکانیاندا دابەشدەکرێنەوە.

جەختیشیکردۆتەوە، گواستنەوەی خێزانە عێراقییەکانی که‌مپی هۆل بەرەو کامپی جەدعە لەنێوان 6 بۆ 6 مانگی پێدەچێت، ئامانجیش لەوە شیاندنەوەو وردبینیکردنی داتا ئەمنییەکان‌و لێکۆڵینەوەکردنه‌ لەگەڵیانداو دڵنیابوونەوەیه‌ لەباری دەرونیی‌و کۆمەڵایەتییشیان.