بۆچی پێویستە دەستبەرداریی خواردنەوە گازییەکان بین؟

تەندروستی

06/09/2022‌ 1029 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

پێگەی (beaumont)ی تایبەتمەند بەهەواڵە تەندروستییەکان، بابەتێکی لەسەر کاریگەرییە خراپەکانی خواردنەوە گازییەکان بەتایبەت (کۆکاکۆلا) بڵاوکردۆتەوەو تێیدا باسی لە 6 هۆکار کردوە کە وادەکەن دەستبەرداریی ئەو خواردنەوەیە ببین ئەوانیش:


زیادکردنی کێش: لەبەرئەوەی کۆلا هیچ بەهایەکی خۆراکیی تێدانییە، هەربۆیە ئەو کالۆریانەی بەکاردەبرێن بەکالۆری بەتاڵ هەژماردەکرێن، بۆیە هیچ سودێک بەجەستە ناگەیەنن‌و دەبنە هۆی نیشتنی چەوریی‌و زیادکردنی کێش.

گەدە: کۆلا جۆرە ترشێکی تێدایە کە دەبێتە هۆی سوتانەوەی گەدەو گەڕانەوەی ترشەڵۆکی گەدە، واتە گەڕانەوەی پێچەوانەی  ترشی گەدە بەرەو سورێنچک کە قوڕگ‌و گەدە بەیەکەوە دەبەستێتەوە.

ددان: ئەو ترشەی لەناو کۆلادایە دەبێتە هۆی داخورانی مینای ددان، واتە ڕوپۆشی دەرەوەی ددان داده‌خورێنێت‌و دەبێتە هۆی کلۆربونی.

مەترسیی توشکردن بەنەخۆشیی شەکرە: هەر قوتویەتی کۆلا نزیکەی 40 گرام شەکری لەناودایە، واتە نزیکەی 10 کەوچکی بچوکی شەکر، ئەو شەکرەش لەناو خواردنەوە گازییەکاندایە جەستە ناتوانێت بیگۆڕێت بۆ وزە بۆیە لەجەستەدا کۆدەبێتەوەو دەبێتە هۆی توشکردن بەنەخۆشیی شەکرە.

وشککردنەوەی جەستە: ئەو کافایینەی لەناو خواردنەوە گازییەکاندایە میزپێکەرن، واتە هۆکارێکن بۆ وشکبونەوەی جەستە.

ئێسک: بەهۆی ئەو ترشی فۆسفۆریکەی لەناو کۆلادایە جەستە ناتوانێت کالیسیۆم بمژێت، بۆیە دواجار دەبێتە هۆی لاوازبونی ئێسک‌و فشەڵبونی.

و: ئاکۆ ئاڵی