فراكسیۆنى یه‌كێتى په‌یامێك ئاراسته‌ى حكومه‌تى هه‌رێم ده‌كات

کوردستان

13/09/2022‌ 966 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

فراكسیۆنى یه‌كێتى له‌په‌رله‌مانى عێراق له‌باره‌ى ته‌واونه‌كردنى پڕۆژه‌ى دووسایدكردنى جاده‌ى (كه‌لار ـ سلێمانى) په‌یامێك ئاراسته‌ى حكومه‌تى هه‌رێم ده‌كات‌و بڕیارده‌رى فراكسیۆنه‌كه‌ش ده‌ڵێت:"حکومەتی هەرێم پێویستە هیج بیانویەک بۆ تەواونەبونی ئەم پڕۆژە ستراتیژیە نەهێنێتەوە".

 

ئەمڕۆ ژمارەیەک چالاکوان‌و دڵسۆزی گەرمیان به‌یانى ئه‌مڕۆ ڕێپێوانێکیان لەکەلارەوە بۆ سلێمانی دەستپێکرد بەمەبەستی فشار دروستکردن بۆ تەواوکردنی پڕۆژەی دووسایدی جادەی (کەلار- سلێمانی) كه‌ به‌ڕێگه‌ی مەرگ ناسراوه‌.



له‌و ڕوه‌وه‌ كاروان یاروه‌یس بڕیارده‌رى فراكسیۆنى یه‌كێتى له‌په‌رله‌مانى عێراق ڕاگه‌یه‌نراوێكى بڵاوكرده‌وه‌و ڕایگه‌یاندوه‌، "پشتیوانی تەواوی ئەو هەنگاوەو فشاری هەموو ئەو خەڵکە دڵسۆزە دەکەین، کە دەیگرنەبەر بۆ تەواوکردنی ئەو جادەیە".

باسى له‌وه‌شكردوه‌، "ئه‌و جاده‌یه‌ زیاتر لەدەیەیەکە دەستیپێکردوەو هێشتا نیوەی کەمتری تەواوبوەو ڕۆژانەش بەهۆی ڕوداوی هاتوچۆەوە قوربانی هەیە لەم ڕێگه‌یەدا".

یاروه‌یس له‌به‌شێكى ترى ڕاگه‌یه‌نراوه‌كه‌یدا نوسیویه‌تى:"گەرمیان وەک قوربانی‌و ماڵوێرانی خەڵک‌و خاکەکەیی‌و وەک ناوچەیەکی گرنگ‌و پڕ بایەخ، شایستەی ڕێگه‌وبان‌و  خزمەتگوزاری باشترو زیاترە".



په‌یامێكیش ئاراسته‌ى حکومەتی هەرێم ده‌كات‌و ده‌ڵێت:"پێویستە حكومه‌تى هه‌رێم هیچ بیانویەک بۆ تەواونەبونی ئەم پڕۆژە ستراتیژیە نەهێنێتەوەو هەموو ڕێکارەکان بۆ تەواوکردنی تەواوبکات".

ش.هـ