فەرەنسا سێ هاوڵاتى کورد بە تۆمەتى قاچاخچیەتى دەستگیر دەکات

جیهان

23/09/2022‌ 446 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

ئاژانسی فرانس پرێس بڵاویکردەوە، کازافییە دێلریۆ سەرۆکی نوسینگەی تایبەت بە رووبەڕووبوونەوەی کۆچی نایاسایی رایگەیاندووە، لە رێگەی ئەو ئۆپەراسیۆنەی لە باکووری فەرەنسا ئەنجامدرا، لێکۆڵەرەوەکانی شاری لیل کۆگایەکی کەلوپەلی دەریاییان دۆزیوەتەوە و دەستیان بەسەر ١٣ بەلەم ١٤ بزوێنەری بەلەم و ٧٠٠ چوپی مەلەوانی و ١٠٠ پەستێنەری هەوا و ٧٠٠ لیتر سووتەمەنی گرتووە.

ئاماژەی بەوەشدا، لێکۆڵەرەکانی شاری لیل لە باکووری فەرەنسا حەوت قاچاخچیان لە کۆگای کەلوپەلە دەریاییەکە دەستگیرکردووە وسێ لە قاچاخچییەکان کوردن.

لەلایەکی دیکەوە میر گیرێک داواکاری گشتی لە دادگای "پۆلۆنی سور" لە فەرەنسا رایگەیاندوە، شەش لە قاچاخچییەکان لە دادگایەکی فەرەنسی بە تۆمەتی هاوکاریکردنی خەڵکی بیانی لە بەزاندنی نایاسایی سنور دادگایی دەکرێن و سزای ئەو تۆمەتەش دەگاتە ١٠ ساڵ زیندانی.

ئاماژەیان بەوەشکردوە، ئەم گرووپی قاچاخە لە وەرزی هاوینەوە ٨٠ کردەوەی گواستنەوەی پەنابەرانیان ئەنجامداوە و لە ٥٠ دانەیان سەرکەتوو بوون وە نرخی سەرجەم سەرنشینانی هەر بەلەمێک ٧٨ هەزار دۆلار بووە.

لە راگەیەنراوەکەى داواکاری گشتى پۆاۆنی رونیکردوەتەوە، لێکۆڵینەوەکانیان لەسەر گروپی گواستنەوی پەنابەری نایاسایی لە مانگی کانوونی دووەمی رابردوو دەستپێکردووە و لە رێگەی دەزگای روبەرووبوونەوەی قاچاخ بە هاوبەشی لەگەڵ ئاژانسی تۆڕی پۆلیسی وڵاتانی بەلجیکا و هۆڵەندا و ئەڵمانیا "یۆرۆپول" ئەنجامداوە.

لە کۆتایشیدا ئەوە خراوەتەڕوو، زانیاریان پێگەیشتووە لەسەر چەند گەنجێکی فەرەنسی لە سنوری نێوان ئەڵمانیا و هۆڵەنداوە لە رێگەی بەلەمەوە پەنابەر لە ئەڵمانیاوە دەگوازنەوە بۆ هۆڵەندا، لە ئەنجامدا لیکۆڵەرە فەرەنسیەکان کۆگایەکی کەلوپەلی دەریاییان لە نزیک شاری لیل لە باکووری فەرەنسا دۆزیەوەتەوە کە لایەن ئەو تۆمەتبارانەوە خاوەنداری کراوە.

بەپەلە