پێشکەوتنی گەورە لەبواری دەستنیشانکردنی پێشوەختەی نەخۆشیی شێرپەنجە

تەندروستی

26/09/2022‌ 239 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

لێکۆڵینەوەیەکی پزیشکیی نوێ دەریخستوە کە پشکنینێکی سادەی خوێن دەتوانێت چەندین جۆری شێرپەنجە دەستنیشان بکات، ئەویش پێشئەوەی نەخۆشەکان نیشانەکانی نەخۆشییەکەی لەسەر دەربکەون.

بەگوێرەی ڕۆژنامەی "گاردیەن"ی بەریتانی، لێکۆڵینەوەكە پشكنینی خوێنی بۆ زیاتر لە6600 كەسی پێگەیشتوو کردوە كە تەمەنیان 50 ساڵ‌و سەروتر بوە، لەئەنجامدا سەركەوتوو بوە لەزوو دەستنیشانكردنی حاڵەتەكانی توشبون بەشێرپەنجە بەبێئەوەی کەسەکان نیشانەی دیاریان هەبێت.

پزیشکان هیوادارن ئەم توێژینەوەیە لەکۆتاییدا ببێتە هۆی ڕزگارکردنی ژیانی مرۆڤەکان، ئەویش لەڕێگه‌ی پێشوەختە دۆزینەوەی شێرپەنجە بەئامانجی ئەوەی نەشتەرگەریی‌و چارەسەرکردنەکان کاریگەرتربن، بەڵام هێشتا تەکنەلۆژیاکە لەقۆناغی پەرەپێداندایە.

لەوبارەیەوە، بێر سکراگ سەرپەرشتیاری توێژینەوەکە لەسەنتەری شێرپەنجەی میمۆریال سلۆن کیتەرینگ لەنیویۆرک، ڕۆژی یەکشه‌ممە لەکۆبونەوەی کۆمەڵەی ئەوروپی بۆ پزیشکیی گرێ سێرپەنجەییەکان لەپاریسوتویەتی، پشکنینە نوێکە هێشتا بۆ بەکارهێنان ئامادەنییەو لەکاتی پەرەپێدانی ئەم تەکنەلۆژیایەدا دەبێت کەسەکان هاوشێوەی پێشوو پشکنینە ئاساییەکانی شێرپەنجە ئەنجامبدەن.

هەروەک وتویەتی:"بەڵام ئەمە ئومیدێک دەدات بەوەی ڕەنگە لەئایندەدا ڕێگایەکی تەواو جیاواز بۆ پشکنینی شێرپەنجە بدۆزرێتەوە".

و: ئاکۆ ئاڵی