نەوەی تازە لە ئێران، ئەمر و نەهییەکانی دەسەڵات

مەلەفی تایبەت

01/10/2022‌ 1708 جار خوێندراوه‌ته‌وه

  ساڵانێکە لە ئێران، نەوەیەک پێگەیشتووە بە ئاسانی ملکەچی ئەمرو نەهییەکانی میراتی فیکری (خومەینی) و، مورشیدی باڵا (عەلی خامەنەئی) و دەزگا سەرکوتکەرەکانی سیستەمی مەلاکانی ئەو وڵاتە نابن، سیستەمێک لەسەر بنەمای فەندەمێنتاڵیزمی مەزهەبی، خەریکی سەندنەوەی مافی ژیان و ئازادی لە ئینسان و تەلبەندکردنی عەقڵی ئینسانەکان، جۆری پۆشین، زمانی قسەکردن و تەنانەت ناردنەدەرەوە و سەپاندنی ئایدیۆلۆژیا و باوەڕ و دینیشە. 
   مەرگی ژینا سەرەتای ئیلهامی ناڕەزایەتییەکانی ئێستای ئێرانە. تەنیا دوای تێپەڕبوونی شەو و ڕۆژێک بەسەر مەرگی ئەودا، ئەم کچە کوردە گەنجە لە ناوێکی نەناسراوەوە، لای نزیکەی تەواوی ئێرانییەکان، بوو بە ناوێکی بیستراو و ناسراو، لە ماوەی چەند ڕۆژێکی کەمیشدا، بوو بە سیمبولی بەرەنگاربوونەوەی ستەمکاری و دەسەڵاتی سەرکوتکەری مەلاکانی ئێران لە تەواوی دونیادا. 
   وەستانەوە دژ بە کۆنتڕۆڵی ئازادی ئینسان، لە ناویشیاندا ئازادی هەڵبژاردن و جۆری پۆشین، لە ژێر دەسەڵاتی ئایەتوڵڵاکاندا، بابەتێکی تازەی کۆمەڵگە و شەقامی ئێرانی نییە. لە سەرەتای دەسەڵاتیانداو دوای ٢٥ ڕۆژ لە دەرکەوتنی ئایەتوڵڵا خومەینی بە سیفەتی حاکمی نوێی وڵات، واتە لە مارسی ١٩٧٩دا، وێڕای کۆت و بەندی مەلاکان و دەزگاکانی پاراستنی دەسەڵاتی سیاسی و دینی، سەدان هەزار ژن لە تاران دژ بە سەپاندنی (حیجاب) و یەکڕەنگکردنی پۆشین گردبوونەوەیان ئەنجامدا. لەو کاتەوە بۆ ئێستا، ئێران ڕووبەڕووی دەیان خۆپێشاندان و ناڕەزایەتی جۆراوجۆر بووەتەوە، سەرجەمی ئەو ناڕەزایەتیانەش بە ڕێگەیەکی وەحشیانە لە گۆڕەپان و زانکۆ و شەقامەکاندا سەرکوت و خەفەکراون، بەڵام لە ناوەوەی مرۆڤەکاندا گەورە و زیندوو ماون. هیچ کاتێک سەرکوتکردنی ناڕەزایەتییەکان لە دەرەوە و لە شەقامەکان، مانای کۆتاییهێنان بەو ڕۆحی یاخیبوون و ناڕەزایەتییە قوڵە نەبووە، کە لە ناوەوەی کەرتە کۆمەڵایەتییە جیاوازەکانی کۆمەڵگەی ئێرانیدا بوونی هەیە. مانەوە و زیندوویی ئەم ڕۆحی یاخیبوون و ناڕەزایەتییە، ڕۆژ بە ڕۆژ کەڵەکەبوون و گەورەتربوونی، وایکردووە لە هەر چرکەساتێکدا و لە ئەگەری ڕوودانی هەر ڕووداوێکدا، چەندیش لۆکاڵی و بچووک بێت، چاوەڕوانی کەوتنەوەی ڕووادوی جەماوەری گەورەی لێبکرێت. 
   ئامانجی سەرەتای دەسەڵاتی مەلاکان، لە سەروویانەوە مورشیدە باڵاکەیان، خومەینی، بریتیبوو لە پاراستنی سیستەمەکە و چەسپاندنی، کە خومەینی ناوینابوو (پێویستترین ئەرک). بۆ ئەم مەبەستەش هەنگاوی پێویستیان هەڵێنا و بەشێکی گەورە لە داهاتی وڵاتەکەیان خستە خزمەتی بونیادنانی هێزە چەکدار و ئەمنییەکان، دەیان تۆڕ و دامەزراوەیان لە ژێر ناوی جیا جیا لە ناوەوە و دەرەوەی وڵاتدا دامەزراند. 
    نە تەنیا لە ناوەوە، لە دەرەوەی وڵاتیش دامودەزگای زانیاری و ئەمنی دروستکرابوو، کە هەزاران ئێرانی دانیشتووی ئەوروپا و ئەمریکای لەخۆدەگرت، ئەوانە بە خۆشگوزەرانییەوە ژیانیان دەکرد و بەرگریان لە دەسەڵاتی سیاسی ـ دینی و بەرژەوەندییەکانی ئێران لە دەرەوەی وڵات دەکرد. بەڵام کۆی ئەو ڕێوشوێن و میلیتاریزەکردنەی کۆمەڵگە و دەزگا جیاوازانە نەیانتوانی نزیکەی لە (٣٠%)ی زیاتری دەنگی دەنگدەران بۆ پاڵێوراوی پشتگیریکراو (ئیبراهیم ڕەئیسی)، لەلایەن مورشیدی باڵا، لە دوا هەڵبژاردنی سەرۆککۆماردا، مسۆگەر بکات، ئەمە لەلایەک، لەلایەکی دیکەوە، تەواوی خەرجییە زۆرەکانی ئێران بۆ پاراستنی دەسەڵاتی مەلاکان و دامەزراوە تایبەت و سەرکوتکەرەکانی، هێزی ئەوەیان نەبووە، پێش بە دەنگی ئەو ناڕەزایەتییە بگرن کە لە ناوەوەی کۆمەڵگەی ئێرانیدا زیاد لە چل ساڵە قوڵپ دەدات. 
   دەنگی ئەم نەوە تازەیە، پڕیەتی لە وزەی تازە و ژیانی نوێ، دەنگی نەوەیەکە چیتر ئامادەیی گوێگرتن لە پیرۆزییەکانی گوتاری ژێر شاقەلی عەبای ئایەتوڵڵاکان و نۆشکردنی ژەهری ئایدیۆلۆژیای تاریکی عەمامە بەسەرەکانی تارانی نییە. ئەوان نەوەی ڕۆژگاری تەکنۆلۆژیا و تۆڕی پەیوەندی نوێ و ئامێرە زیرەکانن، بەشێکی گەورەیان منداڵی کۆتایی سەدەی ڕابردوو و سەرەتای ئەم سەدەیەن. ئەم نەوە نوێیە، جوڵەیان، پەیوەندی کۆمەڵایەتیان، ڕوانینیان بۆ ژیان، بۆ ئازادی تاک، تەنانەت ئیمان و باوەڕیشیان، هەمان دیدی هێڵی فیکری فەندەمێنتاڵیزمی مەزهەبی و پیرۆزییەکانی مورشیدی باڵای قۆناغی شۆڕش نییە، بۆیە نە چیرۆکەکانی شۆڕش و نە حیکایەتەکانی مێژوو ناتوانن تێریان بکەن و وەڵام بە پێداویستییە ژیانییەکانیان بدەنەوە. ئەم نەوەیە دەنگێکی جیاوازترن لە ڕەنگ و دەنگەکانی سەردەمی کۆتایی حەفتاکانی سەدەی ڕابردوو، ساڵانی شۆڕش و چیرۆکەکانی پیرۆزی و سیحری بەتاڵی شۆڕشگێڕان، تایبەت کە ئەم چیرۆکانە هێزی ئەوەیان نابێت نەک بچووکترین هیوای ئەوان بێنێتەدی، بەڵکو ماوەی چل ساڵیشە لەسەر کوشتنی خەون و هیوای گەنجانی ئەم وڵاتە دەژی و خواست و ژیان و ئازادیان لێدەگۆڕێت بە تاریکی و دۆزەخ. 
   بەکورتی ئەم نەوە نوێیە چیتر بەوە ڕازی نییە تا مردن بە خەیاڵی گوتاری فریودەرانەی ئایەتوڵڵاکان درێژە بە ژیان بدات، بۆیە  لە هەر توێژێکی کۆمەڵایەتی دیکە زیاتر و لە هەر شتێکی دیکەیش زیاتر ئارەزووی ڕزگاربوون و دەرچوون لەم تونێڵە تاریکە، کۆت و بەندی کۆمەڵگەی داخراو و، هەمانکات کرانەوە بەسەر ژیان و ماف و ئازادی تاکدا دەکات. ئەم دەنگە تازەیە، هێزی نەوەیەکە، دەخوازێت وەک مرۆڤ ددانی پێدابنرێت، ڕێزی بگیرێت و ئازاد بژی. 
   تا ڕێگرییەکانی سیستەم لەبەردەم ئەم ڕۆحی کرانەوە و ئازادییەدا گەورەتربن، ڕۆحی یاخیبوون و ناڕەزایەتیش لە ناوەوەی مرۆڤەکاندا فراوانتر دەبێت، بەجۆرێک ڕووبەری فراوانی یاخیبوونی ناوەکی، تەنیا ڕووداوێکی لە گۆشەیەکی بچووکی وڵاتدا بەسە، تا سەرانسەری گۆشەکانی دیکەی وڵات بکاتە شانۆی ناڕەزایەتی و ڕووبەڕووبوونەوەی ستەمکاری و تاریکی و داخران. ئەوەی ئێستا لە ئێران ڕوودەدات، تەقینەوەی ئەم ڕۆحی یاخیبوونەیە بە ڕووی سیستەمی سەپاندن و کۆنتڕۆڵی فەندەمێنتاڵیزمی مەزهەبی مەلا و ئایەتوڵڵاکانی تاران.   

  جەعفەر عەلی