شارپرێس ـ كهنداڵ جودى:
توێژەرێکی دیارى ڕۆژئاواى کوردستان ئاشكرایدهكات، (ئێران، تورکیاو ڕوسیا) ڕێککەوتون لەسەر تێکدانی ژێرخانی هەرێمە خۆبەڕێوەبەریەکان لهڕۆژئاواى كوردستان لەڕێگەی تورکیاوە.
وەلید چۆلی توێژهرو لێکۆڵەری ناسراوى کوردو بەرپرسی پەیوەندییەکانی ناوەندی لێکۆڵینەوەی فورات، لهدیدارێكى تایبهتدا لهگهڵ شارپرێس باس لهدۆخی ئەمدواییەی ڕۆژاڤای کوردستان دهكاتو دەڵێت:"ڕوسیا دەیەوێت ژێرخانی ناوچە سەربەخۆکان لەڕێگەی تورکیاوە تێکبدات، بۆ ئەوەی فاکتەرەکانی ژیان لێرە نەمێننەوەو خهڵكى ناوچهكه ناوچهكانى خۆیان بهجێبهێڵنو ڕژێمی سوریاش وەک پێشوو بگەڕێنێتەوە".
ساڵی 2016 تورکیا ڕاستەوخۆ چوە ناو خاکی سوریاو دەستیکرد بەداگیرکردنی ناوچەکانی سوریاو ناوچەکانی ڕۆژئاوای کوردستان، تورکیا لەدوای ساڵی 2019و داگیرکردنی سەرێکانیو گرێ سپی، هەوڵی هێرشێکی وشکانی دیکەی لهدڵدایهو مهبهستیهكى ناوچەیەکی دیکەی ڕۆژاڤای کوردستان داگیربکات.
بەڵام بەهۆی ئامادەکارییەکانی هێزەکانی هەسەدەو ئیدارەی خۆسەرو گۆڕانی هاوسەنگی ناوچەکە، تورکیا نەیتوانی ڕەزامەندیی بۆ هێرشکردنەسەر ڕۆژاڤا وەربگرێت.
دهقى دیدارهكه:
شارپرێس: بەڕێز چۆلی، ئەردۆغان ڕایگەیاند لەهێرشەکانیان بۆسەر ڕۆژاڤاى کوردستان دەچنە ناو پڕۆسەیەکی نوێوە کە ژێرخانی ناوچهكه دەکاتە ئامانج، ئێوە وەک توێژەرێک ئەمە چۆن ڕوندەکەنەوە؟
چۆلی: حکومەتی تورکیا داوای لەوڵاتانی جیهانی وەک ئەمریکاو ڕوسیاو وڵاتانی ناوچەکەی وەک ئێران کردوە، ڕەزامەندی لەسەر هێرشی زەمینی دژی ڕۆژاڤاو داگیرکردنی ناوچەکانی ڕۆژئاوای کوردستان بدەن، بەڵام ڕونە کە دوای ئەو لوتکەیەی لەئێران بەڕێوەچوو، ئێرانو ڕوسیا بەئاشکرا دژایەتی هێرشی زەمینی دەوڵەتی تورکیایان کرد، بەڵام ئەمە بەو مانایە نییە کە ئێرانو ڕوسیاو تورکیا لەسەر خاڵی دیکە ڕێکنەکەوتون.
شارپرێس: واتا زانیارییهك ههیه ئهوان لهسهرچى ڕێكهوتون؟
چۆلى: بەڕای من تورکیا، ئێرانو ڕوسیا لەبەئامانجگرتنی ژێرخانی ناوچەکانی ئیدارەی خۆسەر گەیشتونەتە ڕێککەوتن، دوا هێرشی دەوڵەتی تورکیاش ئەوە دەسەلمێنێت کە هێرشیانکردۆتەسەر ژێرخانی ڕۆژئاواى كوردستان، بەهۆی ئەمەوە ڕوسیا دەیەوێت گورزێک لەپڕۆژەکانی ئەمریکا بدات، چونکە پڕۆژەکانی ئەمریکا زیاتر بەئاراستەی گەشەسەندنی ئابورییە.
شارپرێس: ببوره ڕاتدهگرم، لێدوانەکەی ئەردۆغان بەڕێککەوتنێکی نهێنی نێوان ئێرانو ڕوسیاو تورکیا دەبینن؟
چۆلی: بێگومان ئەم ڕێککەوتنە کراوە، ئیتر باسی ئەوە ناکەم کە لەمکاتەدا هەماهەنگی نێوان ڕوسیاو تورکیا زیاترە لەوەی کە لەنێوان تورکیاو ئەمریکادا هەیە، ئامانجی ڕوسیا خۆیەتی کە پرۆژەکانی ئەمریکا لەڕۆژاڤای کوردستان تێکبشکێنێت. بۆیە ڕوسیا دەیەوێت لەڕێگەی تورکیاوە ژێرخانی ناوچە سەربەخۆکان لەناوببات، بۆ ئەوەی فاکتەرەکانی ژیان لێرە نەمێننەوەو پەنابەر دروست ببن، هەروەها ڕوسیا دەیەوێت ڕژێمی سوریا وەک جاران بگەڕێنێتەوە، ئامانجی تورکیاش ڕونە، هیچ پڕۆژەیەک قبوڵناکات کە کورد لەخۆ بگرێت.
شارپرێس: سەبارەت بەم بابەتە، چەند ڕۆژێک لەمەوبەر، وەزارەتەکانی بەرگریو هەواڵگری سوریا، تورکیاو ڕوسیا لەمۆسکۆ کۆبونەوە، لهسهر ئهمه چ خوێندنهوهیهكتان ههیه؟
چۆلی: هاوکاری ئەمنیو هەواڵگریی نێوان تورکیاو ڕژێمی سوریا لەپێشترەوە نەوستاوە، بەتایبەتی نێوان ئێرانو تورکیاو ئێران، بەڵام لەئێستادا ئەم هەماهەنگییە بەفەرمی دەکەن، بۆ بەرژەوەندی ئەردۆغان لەهەڵبژاردنەکاندا، لەلایەکی ترەوە دەیانەوێت هێز بەڕژێمی سوریا بدەن. هاوكات ئەردۆغان بەدیدار لەگەڵ ڕژێمی سوریا دەیەوێت ڕێگریی لەئۆپۆزسیۆن لەناوخۆی تورکیا بکات بەتایبەت لەبابەتی پەنابەرانی سوریا لەتورکیا، چونکە ئەردۆغان دەبینێت کە هیواکانی بۆ سەرکەوتنی هەڵبژاردنەکانی 2023 کەمبۆتەوە، بۆیە دەیەوێت هەنگاوی وەک دیدار لەگەڵ ڕژێمی سوریا بنێت.
ههر لهو کۆبونهوهیهدا ڕێککەوتن کراوه کە دەروازە بازرگانییەکانی نێوان سوریاو تورکیا هەمویان لەژێر ئیدارەی ڕژێمی سوریادابن، لهكاتێكدا دهزانین بهشى ههره زۆرى دهروازهكان لهژێر كۆنترۆڵى هێزهكانى سوریاى دیموكراتو ئاسایشى ڕۆژئاواى كوردستاندان.
هەروەها لەکۆبونەوەکەدا باس لەگۆڕینی ناوەڕۆکی کۆبونەوەی عەدەنیش کرا، وەک چۆن ڕوسیا هەمیشە دەڵێت پێویستە گۆڕانکاریی لەناوەڕۆکی کۆبونەوەی عەدەندا هەبێت، بەگوێرەی هەموارکردنەوەی پەیمانی عەدەن، تورکیا ڕەنگە لەپێنج کیلۆمەترەوە بچێتە 60 کیلۆمەترو هەموو ناوچەکانی ژێر ئیدارەی خۆسەر بکاتە ئامانج.
شارپرێس: ههر لهسهر پرسیارهكهى پێشوم بهردهوامدهبم، ئیدارەی خۆسەر بۆته دیفاكتۆ، ئایا ئهوان دەیانەوێت لاوازی بکەنو ئەم دۆخەیان پێ قبوڵناكرێت؟
چۆلی: بێگومان دەیانەوێت ئیدارەی خۆسەر لاوازبکەن، بەڵام ئیدارەی خۆسەر لەئێستادا وەک ساڵانی سەرەتای دامەزراندنی ئیدارەی خۆسەرنییە، لەساڵانی ڕابردودا ئیدارەی خۆسەر بەرە بەرە شەرعیەتی خۆی بەدەستهێناوەو پەیوەندییە دیپلۆماسییەکانی پەرەپێداوە، لەهەمانکاتدا ئیدارەی خۆسەر بەهێزی سەربازیی خۆی سەلماند، بۆیە ئیدارەی خۆسەر بوو بەواقیعو چارەسەرێکی گشتی بۆ کێشەی سوریا، لهو ڕوهشهوه ڕژێمەکانی سوریاو تورکیاو ئێران ترسیان هەیە کە ئیدارەی خۆسەر ببێتە بەدیلیان لهناوچهكهدا، بۆیە ئەم سێ دەوڵەتە شەڕی ئیدارەی خۆسەر دەکەن.
شارپرێس: ئەگەر ڕژێمی سوریاو تورکیا ڕێککەوتن، ئاکەپە چی دەدات بەدیمەشق؟
چۆلی: ئەوەی ئاکەپە دەیدات بەدیمەشق ئەوەیە کە ئۆپۆزسیۆنی سوریا چارەسەرێک بدۆزێتەوە، بەڵام ئایا ئۆپۆزسیۆنو ئاوارەکانی سوریاو کۆمەڵگهی سوریا ئەمە قبوڵدەکەن؟ لەهەمانکاتدا ئایا دیمەشق دەتوانێت بگەڕێتەوە سەر شێوازی پێشوو و لەسەر پێی خۆی بوەستێت؟.
ههروهها گهڕانهوهی ئاواره سورییهکان بۆ تورکیا ڕێگره لهبهردهم ئاشتبونهوهى نێوان ڕژێمی سوریاو ڕژێمی ئاکهپه، بۆیە لەم بابەتانەدا دڵنیا نیم کە ئاکەپە هیچ بۆ دیمەشق بکات، پێویستە دیمەشق تورکیا وەک ئیسرائیل ببینێت، چونکە ئیسرائیل تەنها دوو هەزار کیلۆمەتر خاکی سوریای داگیرکردوە، لەکاتێکدا تورکیا 9 هەزار کیلۆمەتر خاکی سوریای داگیرکردوە، لەو چوارچێوەیەدا تورکیا تەنها دەیەوێت ڕژێمی سوریا ملکەچ بکاتو سود لەڕژێمی سوریا وەربگرێت، ڕژێمی سوریاش هیوادارە ئەم ئۆپۆزسیۆنە لەناوبباتو حوکمڕانی بەسەر تەواوی خاکی سوریادا بۆ بگهڕێتهوه.
شارپرێس: وەک توێژەرێکی کورد، پێتوایە ڕژێمی ئاکەپە بەر لەهەڵبژاردن لەتورکیا هێرشبکاتەسەر ڕۆژئاوای کوردستان؟
چۆلی: تورکیا تائێستا ڕەزامەندی بۆ هێرشەکە وەرنەگرتوە، ئەگەر ڕەزامەندی وەرگرتبا ئێستا هێرشی دەکرد، تورکیا لەساڵی 2014وه بەدامەزراندنی ئیدارەی خۆسەر دەیەوێت ڕۆژئاوای کوردستان داگیربکاتو ئەمەش ئامانجی تورکیایە، چونکە تورکیا خاکی ڕۆژئاوای کوردستان بەبەشێک لەخاکی خۆی دەزانێتو دەڵێت، ئەم خاکە لەئێمە وەرگیراوە، بەواتایەکی تر ئاکەپە وەک خاکی خۆی لەحەلەبەوە تا موسڵو کەرکوک دەیبینێتو دەیەوێت داگیری بکاتهوه، بۆیه باوەڕم وایە کە ئەمریکا چیتر پشتیوانی ئاکەپە ناکات بۆ سەرکەوتن لەهەڵبژاردنەکانی 2023، لهكاتێكدا دروستكراوى خۆیهتى.
شارپرێس: بەڕێز چۆلی، دوا پرسیار، دوای کۆبونەوەکەی مۆسکۆ لەنێوان ڕژێمی سوریاو تورکیاو ڕوسیا، ئایا تورکیا هەنگاوێکی دیکە لەناتۆ دوردەخاتەوە؟
چۆلی: لهبنهڕهتدا توركیا ههر ئهندامى ناتۆیه، بەڵام لەساڵی 2003وه لەکاتی شەڕی عێراقدا لەناتۆ دورکەوتۆتەوە، بەتایبەت لەئەمریکا، چونكه هاوكاریى ئهمریكاى بۆ ئهو هێرشه نهكرد، دواتر بەھۆی ئەو ھەنگاوانەی تورکیا گرتونیهتهبهرو ناڕونى سیاسەتی تورکیا لەپڕۆژەکانی ئەمریکا بۆ ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست، کە تورکیا ھەنگاوی زۆری لەدژی بەرژەوەندییەکانی ئەمریکاو وڵاتانی ڕۆژئاواو یەکێتیی ئەورووپا ناوە، بۆیە هەرچەندە تورکیا لەئەمریکا دوردەکەوێتەوە، بەڵام لەڕوسیا نزیکدەبێتەوە.
شارپرێس: لەکۆتاییدا سوپاس بۆ ئەوەی کە میوانی ئێمە بویتو وەڵامی پرسیارەکانت داینهوه.
چۆلی: سوپاس بۆ ئێوهش شارپرێس.
ش.هـ
