دابه‌شكردنى 9 هه‌زار یه‌كه‌ى نیشته‌جێبون به‌قیستى 25 ساڵ ڕاده‌گه‌یه‌نرێت

کوردستان

08/08/2023‌ 3414 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

وەزارەتی ئاوەدانکردنەوەو نیشتەجێکردن فۆڕمی دابەشکردنی نۆ هەزار یەکەی نیشتەجێبونی ڕاگەیاندو وه‌زیرى ئه‌و وه‌زاره‌ته‌ش زانیارى زیاتر له‌وباره‌یه‌وه‌ ئاشكراده‌كات.


لەکۆنگره‌یه‌كى ڕۆژنامەوانیدا كه‌ په‌یامنێرى شارپرێس ئاماده‌یبوو، دانا عەبدولکەریم وەزیری ئاوەدانکردنەوەو نیشتەجێکردنی حکومەتی هەرێم دابەشکردنی فۆڕمی نۆ هەزارو چوار یەکەی نیشتەجێبونی بۆ کەمدەرامەتەکان ڕاگەیاند.

ئه‌وه‌شى وت، ئەو یەکانە بەبێ پێشەکی بەقیستی 25 ساڵ دەدرێن بەهاوڵاتییانی کەمدەرات.

وتیشی، "لەمڕۆوە ئەو هاوڵاتییانەی خۆیان بەشایستە دەزانن بۆ وەرگرتنی ئەو یەکانە دەتوانن فۆڕمەکانیان پڕبکەنەوەو زانیارییەکان بخەنەڕوو، کە بەشێوەیەکی زانستی‌و بەهاوکاری کۆمەڵەی کرێنشینان فۆڕمەکان ئامادەکراوە".

ئه‌وه‌شى وت، "لەماوەی سێ مانگدا هاوڵاتییان دەتوان فۆڕمەکانیان پێشکەشبکەن، دواتر لیژنە لەسنوری ناحیەو قەزاو ئیدارە سەربەخۆکان پێکدەهێنرێ بۆ دیاریکردنی خاڵەکان، کۆی ئەو یەکانە نۆ هەزارو چوار یەکەی نیشتەجێبونەو بەشێکیان تەواوبونە، دواتر بەگوێره‌ى پارێزگاو ئیدارە سەربەخۆکان زانیاری وردتر دەخرێتەڕوو".

بەگوێرەی مەرجەکان، ئەو کەسەی فۆڕم بۆ وەرگرتنی یەکەی نیشتەجێبوون پێشکەش دەکات دەبێ تەمەنی لە سەرووی 18 ساڵ بێت و خێزاندار بێت.

پێشکەشکردنی فۆڕم بۆ وەرگرتنی یەکەی نیشتەجێبوون بەشێوەی ئۆنلاین دەبێت و لە سەرەتادا، داواکار دەبێ مەرجەکان بزانێت، هەر کەسێک رازی نەبێت بەو مەرجانە بۆی نییە سوود لەو سیستەمە وەربگرێت و داواکاری پێشکەش بکات.

وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە رایگەیاندووە، بڕیاریانداوە هیچ بارگرانیەک بۆ کەس دروست نەبێت و هیچ بەڵگەیەک داوا نەکات، بەڵام پاشان هەر کەسێک بەپێی ئەو مەرجانەی داواکراوە توانی خاڵی پێویست بەدەست بهێنێت و ببێتە خاوەن یەکەیەک لەو یەکە نیشتەجێبووانەی دیاریکراون ئەوا مەرجە هەموو زانیارییەکان بسەلمێنێت کە لەم فۆڕمی داواکارییەدا تۆماری کردووە.

بەپەلە