گۆڤارێكى به‌ریتانی، مه‌ترسى هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ى هه‌رێمى كوردستان ئاشكراده‌كات

ڕاپۆرت

19/08/2023‌ 5444 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

گۆڤاری (زه‌ ئیكۆنۆمیست)ى به‌ریتانی ڕاپۆرتێكى له‌سه‌ر هه‌رێمى كوردستان‌و مه‌ترسیه‌كانى سه‌رى بڵاوكردۆته‌وه‌و ڕایده‌گه‌یه‌نێت، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ى هه‌رێمى كوردستان به‌هۆى فشاره‌كانى سه‌ریه‌وه‌ به‌ره‌و هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌ ده‌چێت، به‌ڵام هێشتا كارتیشى له‌ده‌ستدا ماوه‌ بۆ ئه‌وه‌ى بتوانێت له‌سه‌رپێى خۆى بوه‌ستێته‌وه‌.


له‌به‌شێكى دیكه‌ى ڕاپۆرته‌كه‌دا ئه‌وه‌شى به‌بیرهێناوه‌ته‌وه‌، ململانێكانى نێوان پارتى‌و یه‌كێتى وایكردوه‌، هه‌م مه‌ترسى له‌سه‌ر قه‌واره‌كه‌و هه‌میش ترسى هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌ى هه‌رێم یه‌كێك بێت له‌ئه‌گه‌ره‌ به‌هێزه‌كان.

ئه‌و گۆڤاره‌ به‌ریتانیا باس له‌وه‌ده‌كات، هه‌موو ململانێكانى نێوان پارتى‌و یه‌كێتى له‌سه‌ر داهاته‌ له‌هه‌رێمى كوردستان، نوسیویه‌تى، "دواى لێسه‌ندنه‌وه‌ى نه‌وته‌كه‌یان، په‌یتا په‌یتا سه‌ركرده‌كانیان ڕوو له‌به‌غدا ده‌كه‌ن بۆ هاوكاریكردنیان".

هەموو دەستكەوتەكان هەلا هەلا بون
لەكاتێكدا كوردستان بۆ ماوەی سێ دەیە لەگەشەسەندندا بوو، بەشەكانی دیكەی عێراق ڕاڕاو دواكەوتوبون، ناوچەكە خێراترین گەشەی ئابوری بەخۆیەوە دەبینی، چەندین كۆمەڵگەی نەوتی نوێی‌و ئۆتێل‌و ڕێگه‌ی خێرا لەوڵاتدا بونیادنران، پرۆسەكە هاوكات بوو لەگەڵ دەنگدان بۆ سەربەخۆیی لەڕاپرسی ساڵی 2017دا؛ ئەمەش وایكردبوو داهاتوی كوردستان ڕوناك بێت.

دوای شەش ساڵ لەم خەونە، هەموو دەستكەوتەكان هەلا هەلا بون، ئەو ئامێرە بەرزكەرەوانەی لەسەر بیناكان بون؛ وەستان‌و ئێستا نێوەیان تەواو نەبون، كەچی پایتەختی عێراق (بەغدا) بەهۆی باشبونی ئاسایش‌و داهاتی نەوتەوە، بەرەوپێشچونی بەخۆیەوە بینیوە.

"به‌غدا بێ بایه‌خ ته‌ماشاى هه‌رێمى كوردستان ده‌كات"
دەسەڵاتدارانی ئێستای بەغدا بەبێ بایەخ تەماشای خۆبەڕێوەبردنی كوردستان دەكەن، دوای 30 ساڵ لەخۆبەڕێوەبردن، ئابوری‌و سنورو خاكی كێشەلەسەریان‌و سیاسەتەكانیان، تاڕادەیەكی زۆر بەرەو ئەوە دەچێت بگەڕێتەوە بۆ ژێر دەسەڵاتی ناوەندیی، دیبلۆماتكارێكی ڕۆژئاوا كە چاودێری پەرەسەندنەكانی بەغدا دەكات، دەڵێت، "مەترسی هەرەسهێنانی پڕۆژەی هه‌رێمى كوردستان لەئارادایە".

باسى هه‌ردوو بنه‌ماڵه‌ى بارزانى‌و تاڵه‌بانى ده‌كات...
دیارە كوردەكان تاڕادەیەكی زۆر لۆمەی ئەم بابەتەیان دەكەوێتە ئەستۆ، ناكۆكی نێوان هەردوو بنه‌ماڵه‌كه‌ بارزانیەكان كە حوكمی ڕۆژئاوا‌و تاڵەبانیەكان حوكمی ڕۆژهەڵاتى هه‌رێمى كوردستانیان له‌ده‌ستدایه‌، زۆر توند بۆتەوە.

سەركردەكانی ئه‌و دوو بنه‌ماڵه‌یه‌ لەساڵی 2017وە دەسەڵات دەگوێزنەوە بۆ كوڕەكانیان، پارتی‌و یەكێتی ململانێیان لەسەر داهاتەكانە، زۆربەی كات وەزیرەكانیان لەئەنجومەنی وەزیرانی بەغدا لەدژی یەكتری دەنگ دەدەن.

یەكێتی نیشتمانی كوردستان لەهەردولا لاوازترن، بەئاشكرا داوای پشتیوانی لەبەغدا دەكات، هەروەك سەرۆكی یەكێتی بافڵ تاڵەبانی وتویەتی، "عێراق لەكوردستان باشترە". لەگەڵ ئەوەشی ڕۆژئاوا هۆشداریی پێداون، هه‌م به‌پارتى‌و هه‌میش به‌یه‌كێتى سه‌باره‌ت به‌ یەكگرتنی هێزە جیاكانیان كە بەپێشمەرگە ناسراون.

عێراق له‌هه‌وڵى گه‌ڕانه‌وه‌ى ته‌واودایه‌ بۆ هه‌رێمى كوردستان
حكومەتی عێراق لەبەغدا ئەم ململانێیە دەقۆزێتەوە بۆ گەڕانەوەی دەسەڵاتی خۆی كە لەساڵی 1991وە؛ دوای ئەوەی كوردەكان دژی دیكتاتۆریەتی سەدام حسێن شۆڕشیان كردبوو، ئەمە یەكەمجار بەلایەنی ئابوری دەستی پێكرد. لەمساڵدا دادگای باڵا حوكمێكی نێو دەوڵەتی لەپاریس بەكارهێنا بۆ قەدەغەكردنی فرۆشتنی نەوتی كوردستان، ئەمەش كوردەكانی لەو داهاتە بێبەشكرد كە لە450 هه‌زار بەرمیل نەوت دەستیاندەكەوت لەڕۆژێكدا.

په‌یتا په‌یتا ڕوو له‌به‌غدا ده‌كه‌ن بۆ هاوكاریكردنیان
سەركردە كوردەكان ئێستا ڕوو لەبەغدا دەكەن بۆ هاوكاریكردنیان، لەچوارساڵی دەسەڵاتیدا وەك سەرۆكی هەرێمی كوردستان، نێچیرڤان بارزانی بەڕەسمی 10جار سەردانی بەغدای كردوە، كە پێشتر مەسعود بارزانی لەماوەی 15 ساڵدا یەكجار چوە بەغدا، بەگوێرەی بودجەی گشتى عێراقیش كە لەیۆنیۆی ئەمساڵدا ده‌نگى له‌سه‌ردرا؛ هەر پارێزگایەك لەحكومەتی هەرێمدا دەتوانێ بەڕاستەوخۆ داوای پارە لەبەغدا بكات، لەوانەیە ئەمەش ببێتە هۆكاری ئەوەی وا لەتاڵەبانیەكان بكات لەحكومەتی بارزانی جیاببنەوە.

لەلایەكی دیكەوە حكومەتی عێراق بەسەر سنورەكانی كوردستاندا دەسەڵاتی دەبێت، بەوەی بازگەو خاڵی پشكنین لەدەروازەكانی حكومەتی كوردی‌و فڕۆكەخانەكانی دادەنێت‌و ئەمەش ڕێگە بەحكومەتی عێراق دەدات مافی هەبێت لەڕەتكردنەوەی هاتوو دەرچودا، تائێستاش تاڵەبانیەكان داهاتیان لەهاوردەی ئۆتۆمبێل‌و جگەرەی قاچاخی ئێران دەستدەكەوێت، بەڵام بۆ ماوەیەكی درێژنا؛ هەروەك بەرپرسێكی عێراقی ئاماژەی پێكردوە.

عێراق ده‌ستى خستۆته‌ بینه‌قاقاى هه‌رێم
لەلایەكی دیكەوە، بەهۆی هەڵپەساردنی فرۆشتنی نەوتی عێراق زیانێكی زۆر لەكوردەكان كەوتوە بەهۆی ئەو پارەیەی لەناردنیدا دەستیاندەكەوت‌و لەسەر ئەم مامەڵەیە ڕاهاتبون (دادگای نێودەوڵەتی وایداناوە كە توركیا بەبێ ڕەزامەندی عێراق نەوتی لەهەرێمی كوردستانەوە هەناردەكردوەو نزیكەی یەك ملیارو نیو دۆلاری وەك قەرەبوو داوەتەوە حكومەتی عێراق).

لەباشورەوە، سوپای عێراق‌و میلشیا شیعەكان هەستاون بەبەهێزكردنەوەی دەسەڵاتیان لەسەر ئەو خاكەی ناكۆكی لەسەرەو دوای ڕیفراندۆمەكەی 2017 دەستیان بەسەریدا گرتۆتەوە.

لەوكاتەوە دەستیان لەپێكهاتەی دانیشتوان وەرداوە؛ ئەویش لەڕێگەی هاندانی عەرەب بۆ نیشتەجێبون لەو شوێنانەی كە كوردەكان داوایدەكەنەوە، ئەگەربێت‌و ئێستا ڕاپرسی بكرێت لەو شوێنانە؛ كوردەكان زۆرینە پێكناهێنن.

"پێشتر قه‌ده‌غه‌و ئێستاش هه‌موان خۆیان فێرى عه‌ره‌بى ده‌كه‌ن"
ڕەنگە زۆرترین زیان بریتی بێت لەدوبارە جەختكردنەوە لەسەر سەروەریی یاسایی حكومەتی عێراق، لەمانگی پێنجی ئەمساڵدا دادگای باڵاى فیدراڵى بڕیاری لەوەدا، كە دواخستنی هەلبژاردنەكان دەستوری نییەو فەرمانی بەگۆڕینی كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكانی كوردستان بۆ عێراق كرد.

هەروەها كوردستان پێگەی خۆی وەك پەناگەیەكی ئارام بۆ چالاكوانە هەڵاتوەكانی عێراق لەدەستدا، ساڵی ڕابردوو، ئاسایشی هه‌رێمى كوردستان توێژەرێكی عێراقی كە لەناوەندێكی توێژینەوەی ئەمریكی كاریدەكرد، ڕادەستی بەغدا كردەوە، خاوەنكارەكان لەكەرتی ڕەسمی حكومەتی هەرێمی كوردستاندا پێویستیان بەمۆڵەتی ئەمنی بەغدا هەیە.

دیارە كاریگەریی ڕۆشنبیری بەغدا لەسەر كوردستان بەڕونی دیارە، دوای ئەوەی كوردەكان زمانی تایبەتی خۆیان بۆ ماوەی سێ دەیە بەهێز دەكردو بەرنامەی كۆنی فێربونی زمانی عەرەبییان پشتگوێخستبوو، نەوەیەكیان قسەكردنیان بەزمانی عەرەبی لەبیرچوبوەوە؛ كەچی ئێستا خەریكی گەڕانەوەیە، كوڕی یەكێك لەسەركردە كوردەكان لەبەرامبەر جەماوەرداو لەئاهەنگی دەرچونەكەیدا لەزانكۆیەكی ناوخۆیی بەزمانی عەرەبی دوا.

لە كاتێدا هەژموونی عەرەبەكان لە كوردستاندا زیاد دەكات، ئەمە لە بەغدا بە پێچەوانەوەیە. سەركردە كوردەكان لەلایەن شیعەكانی سەر بە ئێرانەوە پەراوێز دەخرێن كە بەسەر حكومەتی ناوەندیدا زاڵن، ئەمەش هاوكاتە لەگەڵ پەراوێزخستنی كەمینەكانی دیكەی وەك عەرەبی سوننەو مەسیحیەكان، بەرپرسەكانی بەغدا دەڵێن، سەرۆك كۆماری عێراق؛ كە پۆستێكی تایبەتە بەكوردەكان "هەژمونی بوكەڵەیەكی هەیە".

بۆچى ئێستا كه‌س به‌رگرى له‌هه‌رێم ناكات؟
كوردەكان وەك ڕزگاركەر تەماشای ڕۆژئاوایان دەكرد، دوای جەنگی كەنداو هێزەكانی ڕۆژئاوا ناوچەیەكی ئارامیان بۆ دروستكردن، ئەویش بەقەدەغەكردنی ناوچه‌ى دژه‌ فڕین لەلایەن نەتەوەیەكگرتوەكانەوە، كەچی ئێستا گرنگیدانی ڕۆژئاوا لەو ڕوەوە لەپاشەكشەدایە.

كوردەكان دوای داگیركردنی عێراق لەلایەن ئەمریكاوە لەساڵی 2003، قەدەغەی فڕینی فڕۆكەیان لەدەستداوە، لەگەڵ ئەوەی تائێستا ئەمریكیەكان بنكەیەكی ئاسمانییان لەناوچەی هەریری باكوری هەولێر هەیە، كەچی كوردەكان باس لەوەدەكەن، هیچ پاڵپشتیەكیان ناكات، بەتایبەتی لەوكاتانەی میلشیاكانی شیعەی سەر بەئێران ڕۆكێت‌و درۆنیان ئاراستە دەكەن.

كورد كارتى به‌ده‌سته‌وه‌ماوه‌... چین ئه‌و كارتانه‌؟
تائێستاش كورد هەندێ كارتی گەمەكردنیان بەدەستەوە ماوە، ئەوان لەگەڵ چینیەكاندا دواون، كە بڕیاربوو چەندین بەنداوو كارگەیەكی چیمەنتۆو پڕۆژەیەكی خانوبەرە بەنرخی پێنج ملیار دۆلار لەدەرەوەی هەولێر دروستبكەن، دەكرێ كوردەكان بەهەبونی ژمارەیەكی زۆری پەنابەرەكان هەڕەشە بكەن‌و كاریگەری لەسەر ڕۆژئاوا دروستبكەن، هەروەها ڕەنگە دەستبەسەراگرتنی تەواوی كوردستان لەلایەن عێراقەوە ببیێتە مایەی كۆچی بەكۆمەڵ بۆ توركیاو پاشان بۆ ئەوروپا.

"هه‌رێم به‌ره‌و له‌ناوچون ده‌چێت"
لەگەڵ ئەوانەشدا زۆربەی كوردەكان توشی بێهیوایی بون‌و به‌شێكیان ده‌ڵێن، دەبینە پارێزگایەك لەعێراق، هەروەك شرۆڤەكارێك لەهەولێر دەڵێت، هه‌رێم منارەی سەربەخۆیی بوو بۆ نزیكه‌ى 30 ملیۆن كوردی له‌باكورو ڕۆژئاواى كوردستان، به‌ڵام ئێستا بەرەو لەناوچون دەچێت.