پێشمەرگە بڕیاری چوونە ناو كەركوكی راگرت

کوردستان

03/09/2023‌ 3223 جار خوێندراوه‌ته‌وه


شارپرێس:

فەرماندەی میحوەری پردێی هێزی پێشمەرگە ڕایگەیاند، شەوی ڕابردوو خۆیان ئامادە كردبوو بۆ ئەوەی بڕۆن بەدەم خۆپیشاندەرە كوردەكانی كەركوكەوە، بەڵام بەهەوڵی هەندێك بەرپرسی عێراقی جوڵەیان بەرەو كەركوك ڕاگرتووە.

نوری حەمە عەلی، فەرماندەی میحوەری پردێی هێزی پێشمەرگە، بە دەنگی ئەمەریكای ڕاگەیاند، "هەندێك بەرپرسی دڵسۆزی عێراق دەستوەردانیانكرد و داوای دان بەخۆدا گرتنی لێكردین، ئەگینا پلانمان هەبوو بەرەو كەركوك بڕۆین. چۆن دەبێت خوێنی كورد لەكەركوك بڕژێت و ئێمە دەستەوەستان بین."

نوری حەمە عەلی، دەڵێت،"داخستنی ڕێگەی كەركوك_هەولێر و دژایەتیكردنی گەڕانەوەی پارتی بۆ كەركوك پلانی شۆڤێنییەكان بوو، گەر پێشتر خێوەتەكە لابرایەو ڕێگەكە بكرایەتەوە، خوێنی گەنجی كوردیش نەدەڕژا."

درەنگانێكی شەوی ڕابردوو، بە فەرمانی محەمەد شیاع سودانی سەرۆك وەزیرانی عێراق، خێوەتی مانگرتووانی لایەنگرانی حەشد و لایەنە عەرەبی و توركمانییەكان لابراو ڕێگەی نێوان كەركوك_هەولێر كرایەوە.

هێزە عێراقییەكانیش لە سەرلەبەیانی ئەمڕۆ یەكشەمەوە، ئۆپەراسیۆنێكیان لەناو گەڕەكە كوردییەكانی كەركوك دەستپێكردووە، تا ئێستا نزیكەی 50 گەنجی كورد دەستگیركراون.

سەبارەت بە دوا ئاماری قوربانیانی خۆپیشاندانەكەی ڕۆژی شەمە، موقەدەم عامر نوری، وتەبێژی پۆلیسی كەركوك، بە دەنگی ئەمەریكای ڕاگەیاند،"4 كەس گیانیان لەدەستداوەو 15 كەسیش برینداربوون. ئەو كەسانەشی دەستگیركراون لای پۆلیس نین."

بڕیارە ئێوارەی ئەمڕۆ یەكشەمە، پەرلەمانتارانی كورد، عەرەب و توركمانی كەركوك لەگەڵ محەمەد شیاع سودانی سەرۆك وەزیرانی عێراق كۆ ببنەوە، بۆ تاوتوێكردنی بارودۆخی كەركوك و هەوڵدان بۆ هێوركردنەوەی دۆخەكە.

سەباح حەبیب، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە فراكسیۆنی یەكێتی، بە دەنگی ئەمەریكای ڕاگەیاند،"داوای پێكهێنانی لیژنەیەك لە سودانی دەكەین بۆ سزادانی ئەو كەسانەی تەقەیان لە خۆپیشاندەرانی كەركوك كردووە. داواش دەكەین لێكۆڵینەوە لەگەڵ فەرماندەی ئۆپەراسیۆنەكانی كەركوك بكرێت، چونكە ئەو كەسانەی خێوەتیان لەسەر ڕێگەی كەركوك_هەولێر هەڵدا ژمارەیان كەمبوو، كەچی ئەو نەیتوانی دۆخەكە كۆنترۆڵ بكات."