ئەمریكا و ئێران بەپلانی نوێ لەرۆژئاوای كوردستان رووبەڕووی یەكدی دەبنەوە

ڕاپۆرت

04/09/2023‌ 2420 جار خوێندراوه‌ته‌وه


شارپرێس:

شەڕی ئەمریكا و ئێران بەكرداری لەناوچەكانی رۆژئاوای كوردستان دەستیپێكردووە و بەپەلە شاندێكی ئەمریكی گەیشتنە ناوچەكە بۆ كۆنترۆڵكردنی ئەو رەوشەی بەهۆی یاخیبوونی بەشێك لەهۆزەكان سەریهەڵداوە، ئەوەش دوای ئاشكرابوونی رۆڵی  تاران و دیمەشق لە گرژییەكانی ناوچەكەدا.

تاران و دیمەشق هەلەكەیان قۆستەوە
دوای بڵاوبوونەوەی هێزی نوێی ئەمریكا لەسنوورەكانی عێراق و سووریا و بوونی هەوڵی ئەمەریكا بۆ كۆنترۆڵكردنی سنوورەكانی نێوانی ئەم دوو وڵاتە، گرژییەكان لە دێرەزۆر سەریانهەڵدا و بەشێكی هۆزەكانی ناوچەكە و چەكدارەكانی ئەنجوومەنی سەربازی دێرەزۆر لە هەسەدە و هاوپەیمانان یاخیبوون.

بەپێی راپۆرتێكی رۆژنامەی ئەلعەرەب، واشنتن نیگەرانە لە هەنگاوەكانی ئێران لەم ماوەیەی دواییدا، ئەمەش لەبەر ڕۆشنایی ڕووبەڕووبوونەوە‌و توندوتیژەكانی نێوان هەسەدە و چەكدارەكانی دێرەزۆر.
 
نائارامی و پەرەسەندنی شەڕەكانی نێوان هێزەكانی سوریای دیموكرات و چەكدارەكانی خێڵە عەرەبییەكان لە دێرەزۆر كە فراوانتر بوو بۆ ناوچەكانی دیكەش، وایكرد ئەمریكا بەخێرایی هەنگاو بنێت بۆ كەمكردنەوەی گرژییەكان‌و  ڕێگریكردن لە میلیشیاكانی نزیك لە ئێران.

 سەرچاوە ڕۆژئاوایی و كوردییەكان دەڵێن: میلیشیا ئێرانییەكان دۆخەكەیان قۆستۆتەوە بۆ فراوانكردنی كاریگەریی خۆیان لە ناوچە دەوڵەمەند بە نەوتەكەی دێرەزۆر.

بەپێی ئەم راپۆرتە، بوونی سەربازی ئەمریكا لەو ناوچانەی كە هێزەكانی سوریای دیموكرات بەڕێوەی دەبەن، ڕێگری لە فراوانبوونی ئەو میلیشیایانە دەكات كە لەلایەن ڕووسیا و ئێرانەوە پاڵپشتی دەكرێن، كە پێگەیان لە ناوچەكانی ڕۆژئاوای ڕووباری فوڕات هەیە.

بەرپرسانی ئەمریكا و كەسانی دیكە لە هێزەكانی سوریای دیموكرات، میلیشیا ئێرانییەكان لە سوریا تۆمەتبار دەكەن بەوەی ناكۆكییەكانی نێوان هێزەكانی هەسەدەو خێڵە عەرەبییەكان دەقۆزنەوە بۆ دۆزینەوەی پێگەیەك لەو ناوچە دەوڵەمەندە بە نەوتە.

ئێران پلانی نوێی هەیە
ڕاپۆرت و سەرچاوە ڕۆژئاواییەكان لە دێرەزۆرەوە باس لەوە دەكەن كە ئێران هەنگاوەكانی بۆ فراوانبوون لە ناوچەكانی نفوزی ئەمریكا-كورد خێراتر دەكات، هەروەها بەرنامەی دامەزراندنی ئەندامانی خێڵە عەرەبییەكانی ناوچەكەشی هەیە.

توركیا ئاگری شەڕ خۆشدەكات و ئەمریكا لەسەر هێڵە
 هاوكات سەرچاوە خۆجێییەكان دووپاتی دەكەنەوە كە توركیاش ڕۆڵی هەیە لەو ناوچەیە بەئامانجی خۆشكردنی ئاگری شەڕ و كردنەوەی ڕێگەیەك بۆ گەیشتن بە چەكدارانی خێڵەكان.

 وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا بڵاویكردەوە، ئیتا گوڵدریچ جێگری یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا و جۆیل پی فاوڵ فەرماندەی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعش لەگەڵ هەسەدە و هۆزەكان كۆبونەوە و رێككەوتون لەسەر كەمكردنەوەی گرژییەكان.

هێشتا ڕوون نییە كە ئایا هەوڵەكانی ئەمەریكا سەركەوتوو دەبن لە هێوركردنەوەی قەیرانەكە یان نا، بەڵام ڕووبەڕووبوونەوە چەكدارییەكان بە بەراورد بە ڕۆژانی ڕابردوو كەمتربوونەوە، دوای ئەوەی هەسەدە ئۆپەراسیۆنەكەی تووندكردەوە و هەڕەشەی لەهۆزەكان كرد.

مەزڵوم كۆبانێ: پلانەكەی دیمەشقمان دژی ناوچەكانمان ئاشكراكرد
ئەمڕۆ دووشەممە فەرماندەی گشتی هێزەكانی سوریای دیموكرات هەسەدە لە پەیامێكدا رایگەیاند پلانی حكومەتی رژێمی سوریایان ئاشكراكردووە بۆ دەستبەسەرداگرتنی ناوچەكانیان لە ماوەی دوو رۆژدا و لەڕووی مەیدانیشەوە بەرەو كۆنترۆڵكردنەوەی ناوچەكانی دێرەزۆر دەچن و هاوپەیمانانیش بەهێزی ئاسمانی پشتیوانی ئۆپەراسیۆنەكەی هەسەدەیان كردووە.

هەروەها ئاماژەی بەوەشكرد، "بە هاوكاری و پاڵپشتی گەلەكەمان لە دێرەزۆر، هێزەكانمان لە چوارچێوەی هەڵمەتی بەهێزكردنی ئاسایش، ئۆپەراسیۆنی بەرقەراركردنی ئاشتی و دابینكردنی ئاسایش بۆ هاووڵاتیان بەردەوام دەبن".

دەشڵێت "هەرچەندە دۆخەكە بەرەو ئەمن و ئارامی دەڕوات و ئاشتی كۆمەڵایەتیش لە سایەی پێكهاتەی عەشایەری و هەسەدە دەپارێزرێت، بەڵام توركیا و هاوپەیمانەكانی هێرش دەكەنە سەر تیل تەمر و مەنبەج، بەمەبەستی تێكدانی سەقامگیریی ناوچەكە ‌و ئیرادەی گەلەكەمان".