چوارچێوەی هەماهەنگیی: لەهێرشەکەی تورکیا بۆسەر فڕۆکەخانەی عەربەت بێدەنگ نابین

کوردستان

19/09/2023‌ 1412 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

سەرکردەیەکی سەر بەهاوپەیمانی چوارچێوەی هەماهەنگیی لایەنە شیعییەکان ڕایگەیاند؛ بۆردومانکردنی فڕۆکەخانەی عەربەت لەسلێمانی لەلایەن فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی تورکیاو بونی قوربانیی تێیدا بەپێشێلکردنی سەروەریی نیشتمانیی‌و سەرپێچیکردنی هەموو نۆرمەکان، لەوانەش پرەنسیپی دراوسێیەتی باش دادەنرێت، ده‌شڵێت، "هیچ پاساوێک بۆ ئەمکارە تاوانکارییە نییەو دەبێت حکومەتی عێراق ڕێکاری پێویست بۆ سنوردانی ئەو پێشێلکاریانە دابنێت".


جەبار عەودە سەرکردەی سەر بەهاوپەیمانی چوارچێوەی هەماهەنگی بەپێگەی "بەغداد ئەلیەوم"ی ڕاگەیاندوە، "چوارچێوەی هەماهەنگی لەکۆبونەوەی داهاتودا باس لەلێکەوتەکانی بۆردومانی فڕۆکەخانەی عەربەت دەکات".

ئاماژەی بەوەشکردوە، ئەوەی ڕویدا سێ پەیامی هەڵگرتوە، کە دیارترینیان بریتین لە: بەردەوامبونی پێشێلکارییەکانی تورکیا بۆسەر ئاسمانی عێراق‌و بێباکی لەداواکارییەکانی وەستاندنی بۆردومانکردنی ئامانجەکانی ناو هەرێم، بەتایبەتی لەگەڵ دوبارەبونەوەی بونی زیانە گیانییەکان.

جەختیشیکردۆتەوە، ئەوەی ڕویداوە پەرەسەندنێکی مەترسیدارە، لەبەرئەوەی بەئامانجگرتنی هێزێکی ئەمنییە لەسلێمانیی‌و بونی قوربانییە.

ڕونیشیکردۆتەوە، ڕوداوەکە بەڵگەیە لەسەرئەوەی ئەنکەرە سورە لەسەر دروستکردنی کەشێکی گرژ لەهەرێمی کوردستان بەپاساوی بونی پارتی کرێکارانی کوردستان، کە لەناو خاکی تورکیا بەشێوەیەکی گەورەتر چالاکیی هەیە.

هەر ئەمڕۆ سێشەممە (19ی ئەیلولی 2023)، لیژنەی ئاسایش‌و بەرگری پەرلەمانی عێراق،  هەنگاوەکانی خۆی بۆ میوانداریکردنی دەزگا حکومیی‌و سەربازییەکان بەمەبەستی تاووتوێکردنی پێشێلکارییەکانی تورکیا بۆ بۆردومانی فڕۆکەخانەی عەربەت لەپارێزگای سلێمانی ڕاگەیاند.

لەوبارەیەوە، ئەندامی مەهدی تەقی ئەندامی لیژنەکە لەچاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ “بەغداد ئەلیەوم” ڕایگەیاند، “ئەو بۆردومانەی تورکیا کە دوێنێ دوشەممە لەفڕۆکەخانەی عەربەت لەپارێزگای سلێمانی ڕویدا، پێشێلکارییەکی گەورەو مەترسیدارە بۆ سەروەری خاکی عێراق‌و هەڕەشەیە بۆ سەر ئاسایش‌و سەقامگیریی عێراق، بۆیە ناکرێت بێدەنگیی لەو پێشێلکارییە بکرێت‌و تەنها بەبەیاننامەو لێدوانی ئیدانەکردن وازی لێبهێنرێت".

جەختیشیکرۆدتەوە، "لیژنەی ئاسایش‌و بەرگریی پەرلەمان کاردەکات بۆ میوانداریکردنی دەزگا حکومیی‌و سەربازییەکان بۆ گفتوگۆکردن لەسەر ئەم پێشێلکارییە‌و دەرکردنی بڕتاری گونجاو بۆ وەڵامدانەوەی پێشێلکارییەکەی تورکیا، بەشێوەیەک دەبێت کۆتایی بەو پێشێلکارییە بەردەوامانە بهێنرێت".