لەهەولێر سێ تۆمەتباری مادەی هۆشبەر دەستگیرکران

کوردستان

19/09/2023‌ 55 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
بەڕێوەبەرایەتی نەهێشتنی ماددەهۆشبەرەكان رایگەیاند،  سێ ئەندامی تۆڕێكی بازرگانیكردن بە ماددەی هۆشبەریان دەستگیركردووە، كە بڕێك ماددەی هۆشبەریان پێبووە.

لە راگەیەندراوێكدا، بەڕێوەبەرایەتی نەهێشتنی ماددەهۆشبەرەكان بڵاویكردەوە، دوای وەرگرتنی فەرمانی دادوەری ئاسایش لەسەر تۆڕێكی بازرگانیكردن بە ماددەی هۆشبەر، تیمێكی بەڕێوەبەرایەتیمان بە هاوكاری بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی هەولێر و كەركووك توانیان سێ تۆمەتباری مەترسیدار لە شاری هەولێر دەستگیر بكەن، كە پێشینەی تاوانیان هەیە و كاری كڕین و فرۆشتنیان بە ماددەی هۆشبەرەوە كردووە.

هەر لە راگەیەندراوەكەدا هاتووە، لە چالاكییەكەدا، بڕی یەك كیلۆگرام مادەی هۆشبەر لە جۆرەكانی كریستاڵ و تریاك و جامایكا لەگەڵ بڕێك پارەی ساختەو ژمارەی ئۆتۆمۆبیلی ساختە لەگەڵ رومانەیەك و چەند چەكێكی جۆراوجۆر، دەستی بەسەردا گیرا. تۆمەتباران پەڕاوی لێكۆڵینەوەیان بۆ كرایەوەو رووبەڕوی یاسا دەكرێنەوە.