شارپرێس:
ڕوسیا‌و ئۆكرانیا ئامارى سه‌رسوڕهێنه‌ر له‌باره‌ى شه‌ڕى نێوانیان بڵاوده‌كه‌نه‌وه‌و به‌رگریى ڕوسیا ده‌ڵێت، "له‌یه‌ك هه‌فته‌دا نزیكه‌ی چوار هه‌زار سه‌ربازی ئۆكرانی كوژراون"، به‌رگریى ئۆكرانیاش باس له‌وه‌ده‌كات، لەساڵى ڕابردوه‌وه تا مانگی ئەیلولی ئەمساڵ، 275 ھەزار ڕوسی کوژراون کە 510یان تەنھا لەڕۆژێکدا بوه".
شه‌وى ڕابردوو وه‌زاره‌تى به‌رگریى ڕوسیا ئاشكرایكرد، له‌ماوه‌ی هه‌فته‌ی ڕابردودا چوار هه‌زار سه‌ربازی ئۆكرانی كوژراون‌و چه‌ندین هێرشی موشه‌كی، موشه‌كی جۆراوجۆر، فڕۆكه‌و كه‌شتی جه‌نگی تێكشكێندراون.
ئه‌وه‌ش هاتوه، "له‌ڕێگه‌ی سیسته‌مه به‌رگرییه‌كانه‌وه، 4 فڕۆكه‌ی ئۆكرانی‌و دوو فڕۆكه‌ی جه‌نگی خراونه‌ته خواره‌وه‌و هێزه ئاسمانییه‌كانی ڕوسیاش 12 هێرشی چڕی كردۆته سه‌ر داموده‌زگا سه‌ربازییه‌كانی ئۆكرانیا‌و زیانی زۆری پێگه‌یاندون".
له‌لایه‌كى دیكه‌شه‌وه سوپای ئۆکرانیا کوژرانی 275 ھەزار سەربازی ڕوسی‌و تێکشکانی ھەزاران کەلوپەلی سەربازیی ئەو وڵاتەی لەسەرەتای دەستپێکردنی جەنگەوە ڕاگەیاند.
دەستەی ئەرکانی سوپای ئۆکرانیا ڕاشیگه‌یاندوه، "لەسەرەتای دەستپێکردنی جەنگی وڵاتەکەوە لە24ى شوباتی ساڵی 2022 تا مانگی ئەیلولی ئەمساڵ، 275 ھەزار ڕوسی کوژراون، کە 510یان تەنھا لەڕۆژێکدا بوه، ھەروەھا ھەزاران تانک‌و سیستمی موشەکی‌و فڕۆکەی جەنگی‌و کۆپتەرو پارچەی جەنگی دەریایی لەناوبراون.
له24ی شوباتی 2022، به‌فه‌رمانی ڤلادیمێر پوتنی سه‌رۆكی ڕوسیا هێرشكرایه‌سه‌ر خاكی ئۆكرانیا‌و به‌هۆیه‌وه هه‌زاران كه‌س له‌سه‌ربازان‌و هاوڵاتیان كوژراون‌و ملیۆنه‌ها ئۆكرانیش ئاواره‌ی وڵاتانی ئه‌وروپی بون، تائێستاش ئه‌و جه‌نگه به‌رده‌وامه.
