شارپرێس:
فەرماندەیی گشتی هێزەكانی بەرگری بەحرێن رایگەیاند، هێزەكانی حوسی لە یەمەنەوە هێرشی سەر هێزەكانی بەرگری بەحرێنیان كردووە لەسنووری باشووری سعوودییەوە.
فەرماندەیی گشتی هێزەكانی بەرگری بەحرێن لەراگەیەندراوێكدا ئاماژەی بەوەكردووە، حووسییەكان بەفڕۆكەی بێفڕۆكەوان هێرشیانكردووەتە سەر هێزەكانی بەرگری بەحرێن، ئەوەش لەكاتێكدایە ئۆپەراسیۆنی سەربازی و شەڕ لەنێوان حووسییەكان و سوپای حكومەتی یەمەندا راگیراوە.
بەپێی هەواڵی ئاژانسی دەنگوباسی بەحرێن، ئەفسەرێك و سەربازێك لە هێرشەكەدا كوژراون و ژمارەیەكی زۆرتری دیكەش برینداربوون.
لە ماوەی ساڵانی رابردوودا بەردەوام حووسییەكانی هاوپەیمانی ئێران، وڵاتانی سعوودییە و ئیماراتیان بەئامانج دەگرت، بەڵام لەوكاتەوەی پەیوەندییەكانی تاران لەگەڵ ڕیاز و ئەبووزەبی بەرەوباشبوون چووە و گفتووگۆی ئاشتیش لەناوخۆی یەمەن هەیە، هێرشەكانی سەر ئیمارات و سعوودیە راگیردراون.