لەرۆژئاوای كوردستان ئەگەری پێكدادانی ئەمریكا و هێزەكانی نزیك لە ئێران هەیە

ڕاپۆرت

23/10/2023‌ 998 جار خوێندراوه‌ته‌وه


شارپرێس:

تا دێت ئەگەری سەرهەڵدانی گرژی لەنێوان هێزەكانی ئەمریكا و هێزەكانی نزیك لەئێران لەرۆژئاوای كوردستان و خۆرهەڵاتی سوریا بەتایبەت لە پارێزگای دێرزوور زیاتر دەبێت.

بەپێی راپۆرتێكی رۆژنامەی شەرق ئەلئەوسەت، لەچەند رۆژی رابردوودا ئیسماعیل قائانی فەرماندەی فەیلەقی قودسی سوپای پاسداران و ئەفسەرێكی دیكەی سوپاكە سەردانی سوریایان كردووە و لەگەڵ گرووپە چەكدارەكاندا كۆبوونەوەیان كردووە.

هەروەها شاندێكی سوپای پاسداران چوونە سنووری دێرەزوور و بەشێوەیەكی مەیدانی هێزەكانی گرووپە چەكدارەكانیان لەناوچەكە بەسەركردووەتەوە، ئەوەش وەك ئامادەكارییەك بۆ هاتنەئارای هەر رووداوێكی لەناكاو.

لەلایەكی دیكەوە هێرشی گرووپەكانی سەر بە ئێران بۆ سەر كێڵگەی نەوتی عومەر لەدێرەزوور و بنكەی سەربازی تەنەف لە سنووری عێراق، ئوردن و سوریا بەردەوامە.

هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعش ئەمڕۆ دووشەممە رایگەیاند دوو درۆن لە عێراقەوە ئاڕاستەی بنكەی تەنەف كراون و شەوی رابردووش هێرشێكی دیكە كرابووە سەر كێڵگەی عومەر كە هێزەكانی ئەمریكای تێدا نیشتەجێن.

لەلایەكی دیكەوە روانگەی سوریا بۆ مافەكانی مرۆڤ ئەمڕۆ دووشەممە ئاشكرایكردووە سوپای رژێمی سوریا هێزێكی زۆری بەچەك و كەرەستەی سەربازییەوە بەرەو خۆرهەڵاتی سوریا جوڵاندووە.

لەبەرامبەر ئەم جموجوڵانەی ئێراندا ئەمریكا هێزی زیاتر و كەرەستەی نوێی سەربازی رەوانەی رۆژئاوای كوردستان و سوریا كردووە.

روانگەی سوریا دەڵێت " 25 بارهەڵگری سەر بە هێزەكانی “هاوپەیمانی نێودەوڵەتی” لە دەروازەی سنووریی وەلید لەگەڵ هەرێمی كوردستان پەڕینەوە و باركرابوون بە كەرەستەی لۆجستی و كەرەستەی سەربازی و سندوقی داخراو و هەروەها تانكی سووتەمەنی و چوونە ناو ئەو ناوچانەی كە لەلایەن هێزەكانی سوریای دیموكراتەوە كۆنترۆڵكراون لە باكووری ڕۆژهەڵاتی سوریا، بەرەو بنكەكانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لە حەسەكە، ئەوەش بۆ بەهێزكردنی پێگەكانیان بۆ ئەگەری هەر رووداوێك".

ئاماژەی بەوەشكردووە، هێزەكانی “هاوپەیمانی نێودەوڵەتی” لەم دواییانەدا جموجۆڵەكانیان چڕتر كردووەتەوە، لەڕووی بەهێزكردنی بنكە سەربازییەكانیان لە سوریا، هاوكات لەگەڵ مەشقی سەربازی، كە لە چوارچێوەی ئامادەكاری بۆ هەر هێرشێكی گریمانەكراو لەلایەن میلیشیاكانی ئێرانەوەیە".

هەروەها رونیكردەوە، ٢٥ بارهەڵگری گەورە دوای نیوەشەوی یەكشەممە لەسەر دووشەممە، چوونەتە ناو كێڵگەی غازی كۆنیكۆ لە باكوری دێرەزۆر.

گرژییەكانی خۆرهەڵاتی سوریا هاوكاتی گرژییەكانی نێوان گرووپەكانی نزیك لە ئێران و ئەمریكایە لە عێراق لەكاردانەوەی شەڕی غەززەدا، هەروەها بەردەوامی لێدوانە توندەكانی كاربەدەستانی ئەمریكی و ئیسرائیلی و ئێرانی لەدژی یەكدی، بەجۆرێك ئەمڕۆ ئێران هەڕەشەی مووشەكبارانكردنی شاری حەیفای كرد و وەزیری ئابووری ئیسرائیلیش هەڕەشەی لێدانی ناو ئێرانی كردبوو.

دوێنێش لوید ئۆستن وەزیری دەرەوەی ئەمریكا گوتی: ئێران خوازیاری زیاتركردنی پەرەسەندنەكانە و هێزەكانیشیان لەرۆژهەڵاتی ناوەڕاست بۆ هەموو ئەگەرێك ئامادەن و سڵ لە هیچ بژاردەیەك ناكەنەوە.