ئەمریکا سزا بەسەر چەند ئەندامێکی کەتائیبی حزبوڵڵای عێراق‌و ئەندامێکی پاسداراندا دەسەپێنێت

عیراق

18/11/2023‌ 1079 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

ئەمریکا سزای بەسەر پێنج ئەندامی باڵای گروپی چەکداریی کەتائیب حزبوڵای عێراق‌و ئەندامێکی قودسی سوپای پاسدارانی ئێراندا سەپاندو ڕایگەیاند، ئەو گروپە کە لەلایەن ئێرانەوە پشتیوانی لێدەکرێت، لەپشت هێرشەکانی ئەمدواییانەوە بوە دژی ئەمریکاو هاوپەیمانەکانی لەعێراق‌و سوریادا.


لە 17 ی مانگی 10وە، هێزەکانی ئەمریکاو هاوپەیمانان لەعێراق‌و سوریا لانیکەم 58 جار هێرشییانکراوەتەسەر، لەکاتێکدا کە گرژییەکانی ناوچەکە لەسەر جەنگەکەی نێوان ئیسڕائیل‌و حەماس زیاتربون، لانیکەم 59 سەربازیی ئەمریکی بەهۆی هێرشەکانەوە برینداربون، بەڵام تائێستا سەرجەمییان گەڕاونەتەوە سەر کارەکانییان.

وەزارەتی خەزێنەی ئەمریکا لەبەیاننامەیەکدا ئاشكرایكردوه‌، سزای بەسەر شەش کەسدا سەپاندوە کە پەیوەندییان بەکەتائیب حزبوڵاوە هەیە، گروپەکە پێشتر لەلایەن ئەمریکاوە وەکو ڕێکخراوێکی تیرۆریستی بیانی ناسێندراوە.

ئەوانەی سزاکانییان بەسەردا سەپێندراوە بریتین لەئەندامێکی دەستەی بڕیاردەری گروپەکەو بەرپرسی کاروباری دەرەوەی گروپەکەو فەرماندەیەکی سەربازییش کە خەزێنەی ئەمریکا دەڵێت، لەگەڵ سوپای پاسدارانی ئێراندا کاریکردوە بەمەبەستی مەشقکردن بەچەکدارەکانی.

سزاکان بەرپرسێکی هێزی قودسیشی گرتۆتەوە، هێزی قودس باڵی سەربازیی سوپای پاسدارانی ئێرانەو کۆنتڕۆڵی گروپە چەکدارییەکانی ناوچەکە دەکات‌و واشنتۆنیش دەڵێت، بەرپرسەکە کارئاسانی کردوە بۆ گەشت‌و مەشقی چەکدارانی کەتائیبى حزبوڵڵا لەئێران.

لاى خۆیشیه‌وه‌ بڕایان نیڵسن جێگری وەزیری خەزێنەی ئەمریکا بۆ کاروباری تیرۆرو هەواڵگری دارایی لەبەیاننامەیەکدا ڕایگه‌یاندوه‌، "کارەکانی ئەمڕۆ پەیامێک دەنێرن بۆ کەتائیبى حزبوڵڵاو سەرجەم گروپە چەکدارییەکانی سەر بەئێران لەسەرئەوەی کە ئەمریکا سەرجەم ئەو ئامڕازانەی لەبەردەستیدان بەکارییاندەهێنێت بۆ لێپێچینەوە لەهەر کارەکتەرێکی هەلپەرست کە هەوڵی سود وەرگرتن بدات لەدۆخەکەی ناو غەززە بەمەبەستی بەرژەوەندی خۆی".

میدیاى ئه‌مریكى ورده‌كاریى سزاكانى ئاشكراكردوه‌و ده‌ڵێت، "سزاکان دەبنە هۆی سڕکردنی سەروەت‌و سامانی سزادراوان لەئەمریکاو بەگشتی قەدەغەی دەکات لەسەر ئەمریكیه‌كان مامەڵەیان لەگەڵدا بکەن، ئەوانەشی کە مامەڵەیان لەگەڵدا دەکەن ڕوبەڕوی سزا دەبنەوە".

ئەمریکا 900 سەربازیی لەسوریادا هەیەو 2500 سەربازیشی لەعێراقدا هەیە، هێزەکانی ئەمریکا لەو دوو وڵاتەدا مەشق‌و ڕاوێژ بەهێزە ناوخۆییەکان دەکەن لەهەوڵییاندا بۆ ڕێگریکردن لەسەرهەڵدانەوەی داعش.