شارپرێس:
شارەزایەکى کەشناسى پێشبینییەکانى بۆ کەشوهەواى ڕۆژانى داهاتوو ڕاگەیاندو دەڵێت، "پلەکانى گەرما نزمتر دەبنەوەو لەحاجى ئۆمەرانو ناوچە سنورییەکانیش ئەگەرى بارینى بەفر هەیە".
ئاراس جەبار شارەزاى کەشناسى بڵاویکردۆتەوە؛ کاریگەریی شەپۆلەکەی دەریای ناوەڕاست بەردەوامی ھەیە لەسەر ناوچەکانمانو تاکاتەکانی ئێوارەو شەو بەچالاکی دەمێنێتەوە بەبارانی مامناوەندو ھەندێ کاتیش بارانی بەلێزمە دەبێت.
دەشڵێت، "بەھۆی ھاتنی بارستە ھەوایەکی ساردەوە لەکاتەکانی ئێوارەوە پلەکانی گەرما بەرێژەیەکی بەرچاو بەتایبەت لەناوچە شاخاوییەکاندا نزمدەبێتەوەو ئەگەری بەفربارین لەسەنتەری حاجی ئۆمەرانو ناوچە سنورییەکان دەبێت کە بەرزیان زیاترە لە 1700 مەترە لەئاستی ڕوی دەریا".
لەبارەى پێشبینى کەشوهەواى سبەینێش دەڵێت، "ئاسمانی ھەرێم بەھەوری تەواو دەمێنێتەوە لەگەڵ نزمبونەوەی زیاتری پلەکانی گەرما بەڕێژەی 2 تا 4 پلە بەراورد بەئەمڕۆو بارانى مامناوەند لەسەنتەرەکانو تا کاتى ئێوارەش باران لەناوچە شاخاوییەکان دەبارێت".
هەر بەپێى پێشبینییەکان ڕۆژى چوارشەممەش کەشوهەواى ناوچەکانى هەرێمى کوردستان بەسەقامگیریی دەمێنێتەوە.