شارپرێس:
وانگ شیا، سەرۆکی ئەنجومەنی کەرتی لاوەکی ئۆتۆمبێل لەئەنجومەنی چین بۆ بەرەوپێشبردنی بازرگانیی نێودەوڵەتیی ڕایگەیاند، بەدڵنیاییەوە چین لەمساڵدا دەبێتە گەورەترین هەناردەکاری ئۆتۆمبێل لەجیهاندا، بەشێوەیەک لە 10 مانگی یەکەمدا هەناردەی ئۆتۆمبێلەکەی گەیشتۆتە 3.9 ملیۆن ئۆتۆمبێل.
بەگوێرەی ئاژانسی هەواڵی شینخوای چینی، وانگ لەبیستو یەکەمین پێشانگهی نێودەوڵەتیی ئۆتۆمبێلی گوانگژۆ، کە هەینی رابردوو کرایەوە ڕایگەیاند، پیشەسازی ئۆتۆمبێل لەچین هەنگاوێکی بەهێزی ناوە لەبازاڕە جیهانییەکان، ئەوەش سەرەڕای ژینگەی نێودەوڵەتیی ئاڵۆزو مەترسیدار.
لەماوەی چارەکی یەکەمی ئەمساڵدا، چین یەک ملیۆن 700 هەزار ئۆتۆمبێلی هەناردەکردوە، ئەمەش بۆ یەکەمجارە ژاپۆنی تێپەڕاندوەو بوەتە گەورەترین هەناردەکاری ئۆتۆمبێل لەجیهاندا.
لە 10 مانگی یەکەمی ئەمساڵدا قەبارەی هەناردەکردنی ئۆتۆمبێل لەچاو ساڵی ڕابردودا بەڕێژەی 59.7% زیادیکردوەو گەیشتۆتە 3.92 ملیۆن دانە، هەروەک تێکڕای نرخی هەناردەکردنی هەر ئۆتۆمبێلێک لەسێ چارەکی یەکەمی ساڵی 2023دا بۆ 137 هەزار یوان (نزیکەی 19 هەزارو 100 دۆلار) بەرزبۆتەوە، لەکاتێکدا لەساڵی 2014دا 85 هەزار یوان بوە.
وانگ هەروەک دەڵێت، "لەساڵی 2001 بەهای هەناردەکردنی زنجیرەی پیشەسازیی ئۆتۆمبێلی چینی تەنها 1.56 ملیار دۆلار بوە، کە پشکی جیهانیی تەنها 0.65% بوە، بەڵام لەهەشت مانگی یەکەمی ئەمساڵدا ئەم ژمارەیە لە 122 ملیار دۆلار نزیکبۆتەوە، کە دەکاتە 5.5%ی کۆی گشتیی جیهانیی".
و: ئاکۆ ئاڵی
