فڕۆکەیەکی پڕ لەزێڕ لەفڕۆکەخانەی بەغدا نیشته‌وه‌

عیراق

25/11/2023‌ 1365 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

دەستەی گومرگی فڕۆکەوانی بەغدا نیشتنەوەی فڕۆکەیەکی تایبەتی ڕاگەیاندو ده‌شڵێت، "114 کیلۆ گرام زێڕی هەڵگرتبوو".


له‌ڕاگەیەندراوێكى دەستەی گومرگی فڕۆکەوانی بەغدا، فڕۆکەیەکی تایبەت لەفڕۆکەخانەی بەغدا نیشتۆتەوە، کە 114 کیلۆ گرام زێڕی هەڵگرتبوو، زێڕەکە بایی 2.7 ملیۆن دۆلارە.

له‌و ڕاگه‌یه‌نراوه‌دا هاتوه‌، "دەستەی گومرگی فڕۆکەوانی بەغدا، بەخێرا لێکۆڵینەوەیان لەم بابەتە کردوە، کە لەناو فڕۆکەکەدا چوار سەرنشین هەبون، بۆ ئەو مەبەستەش لێکۆڵینەوە لەگەڵ هەر چوار کەسەکە بەفڕۆکەوانەکەوە کرا، دوای پشکنینی بەڵگەنامەکان دەرکەوت زێڕەکە هی فڕۆکەوانەکەیە".

باس له‌وه‌شكراوه‌، "دوای چەندین کاتژمێر لەلێکۆڵینەوە، ئەو بازرگانە نهێنی ئەم سامانە زەبەلاحەی ئاشکراکردوه‌ کە لەڕێگەی کۆمپانیایەکی ئیماراتی لەدوبەی کە تایبەتە بەبازرگانیکردن بەگرێبەست‌و پشک‌و زێڕو کاڵا بەنرخەکانی دیکە وەبەرهێنان‌و بازرگانی کردوە، ئەم کۆمپانیایە وەبەرهێنانی گەورەو سەرکەوتوی بەڕێوەبردوەو خاوەنی فڕۆکەکە پشکێکی زۆری لەقازانجەکانیدا هەبوە".

دەستەكه‌ ده‌شڵێت، "خاوەن گەنجینەکە پابەندبوە بەهەموو ڕێساو یاسا نێودەوڵەتییەکانی پەیوەست بەبازرگانیکردن بەسەروەت‌و سامانی داراییەوە، کارەکانیش لەسەر بنەما شەرعیەکان بوە، دوای پشتڕاستکردنەوەی سەرچاوەی ئەو پارەو زێڕەو بەدواداچون بۆ چالاکی‌و تۆماری ئەو بازرگانە، ئازادکراو ڕێگە بەفڕۆکەکە درا بەردەوامبێت لەگەشتەکەی".