بەڕێوەبەرایەتیی نەوت و کانزاکانی سلێمانی ڕایدەگەیەنێت، بەهۆی کێشەی نێوان وەزارەتی نەوتی عێراق و کۆمپانیای کار، ناردنی بەنزینی 750 دیناری بۆ هەرێمی کوردستان راگیراوە. دەشڵێت، تائێستا هیچ بڕە نەوتێکیان لەو نەوتە بەدەست نەگەیشتووە کە بڕیارە بەغدا بینێرێت.
سەلام عومەر، ئەندامی لیژنەی دابەشکردنی سووتەمەنی لە بەڕێوەبەرایەتیی نەوت و کانزاکانی سلێمانی رایگەیاند، "ماوەی سێ رۆژە بەهۆی گرفتێک لەنێوان وەزارەتی نەوتی عێراق و کۆمپانیای کار، کە بەنزین بۆ پارێزگای موسڵ دابین دەکات و ئەو بەنزینەی حکومەت عێراق بۆ هەرێمی کوردستانی دابین دەکات دەپاڵێوێت، پشکی هەرێمی کوردستان راگیراوە."
ئەندامەکەی لیژنەی دابەشکردنی بەرهەمە نەوتییەکان لە بەڕێوەبەرایەتیی نەوت و کانزاکانی سلێمانی دەشڵێت، ئەو بەنزینەی بە 750 دینار دابەش دەکرێت بەسەر شۆفێراندا، دوو بەشە، بەشێکی لەلایەن حکومەتی عێراقەوە دابین دەکرێت، ئەوە ئێستا راگیراوە و وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان لەسەر هێڵە بۆئەوەی دەستپێبکاتەوە.
وتیشی، بەشەکەی دیکەی وەزارەتی سامانە سرووشتییەکانی هەرێمی کوردستان دابینی دەکات و رۆژانە لە هەردوو پاڵاوگەی قەیوان و لاناز، بەنزین بۆ پارێزگاکان دابین دەکرێت. بۆ سنووری پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە، ئیدارەکانی گەرمیان و راپەڕین رۆژانە رێژەکەی دەگۆڕێت و لەنێوان 6 بۆ 7 تانکەری 36 هەزار لیتری بەنزین دێت، کە نزیکەی 215 بۆ 250 هەزار لیتر بەنزین دەکات.
ئاماژەی بەوەش کرد، ئەو بەنزین و نەوتەی دێت بۆ پارێزگای سلێمانی، رۆژانە لەلایەن بەشی تاقیگەی بەڕێوەبەرایەتیی نەوت و کانزاکانی سلێمانییەوە پشکنینی بۆ دەکرێت و ئەگەر لە پشکنین دەرنەچێت دەگەڕێندرێتەوە.
