ئەندامێکی لیژنەی نەوت و گاز لە پەرلەمانی عێراق ڕایدەگەیەنێت، گفتوگۆکان بەردەوامن و بەمنزیکانە هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان لە رێگەی بەندەری جەیهانی تورکیا دەستپێدەکاتەوە.
زرغام مالیکی، ئەندامی لیژنەی نەوت و گاز لە پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، گفتوگۆکانی نێوان هەولێر، بەغدا و ئەنقەرە لەبارەی دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان لە رێگەی بەندەری جەیهانی تورکی بەردەوامە، بەمنزیکانە دەگەنە رێککەوتن و هەناردەکردنی نەوت لە رێگەی بەندەری جەیهانی تورکی دەستپێدەکاتەوە.
لە 25ـی ئادارى رابردووەوە هەناردەى نەوتى هەرێمى کوردستان لەلایەن تورکیاوە بەهۆى بڕیارێکی دادگای ناوبژیوانی نێودەوڵەتی لە پاریس راگیراوە. دادگاکە لەسەر سکاڵای عێراق لە دژی تورکیا بۆ هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان، بڕیاری لە بەرژەوەندیی عێراق دا و لەسەر بنچینەی ئەو بڕیارەش هەناردەکردنی نەوتی کوردستان راگیرا و تورکیا رایگەیاند پابەند دەبێت بە بڕیارەکەوە.
لەبارەی پرۆژە یاسای نەوت و گاز، ئەندامەکەی لیژنەی نەوت و گاز کە هاوکات پەرلەمانتاری دەوڵەتی یاسایە بە سەرۆکایەتی نووری مالیکی وتی، پرۆژەیاسای نەوت و گاز لای حکومەتە، چاوەڕێی دەکەن، ئەنجوومەنی وەزیران پەسندی بکات و رەوانەی پەرلەمانی بکات، بۆ ئەوەی خوێندنەوەی یەکەم و دووەمی بۆ بکرێت و دواتر پەسند بکرێت، عێراق ببێتە خاوەن یاسایەکی نەوت و گاز پێشکەوتوو.
