سودانى له‌باره‌ى 700 ملیاره‌كه‌وه‌ ڕونكردنه‌وه‌ ده‌دات

لە میدیاکانەوە

09/12/2023‌ 5633 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

سه‌رۆك وه‌زیرانى عێراق له‌باره‌ى 700 ملیاره‌كه‌وه‌ ڕونكردنه‌وه‌ ده‌دات‌و ڕایده‌گه‌یه‌نێت، "واژۆم كردوه‌ ئه‌و پاره‌یه‌ بۆ هه‌رێمى كوردستان بنێردرێت"، ده‌شڵێت، "دوێنێ واژۆم کرد".

 
محەممەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق لەڕێگه‌ى میدیاى نزیك له‌پارتیه‌وه‌ ئاشكرایكردوه‌، "دوێنێ واژۆم لەسەر ناردنی 700 ملیار دیناری قەرز بۆ موچەی هەرێمی کوردستان کرد".
 
14ی ئەیلولی ئەمساڵ وه‌فدێكى هەرێم بەسەرۆکایەتیی مەسرور بارزانی‌و قوباد تاڵه‌بانى بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی بەغداو هەولێر تایبەت بەبودجەو موچە سەردانی بەغدای کردو جگە لەکۆبونەوە لەگەڵ محەممەد شیاع سودانی، لەگەڵ بەرپرسانی دیکەی عێراق‌و لایەنە سیاسییە عێراقییەکانیش کۆبۆوه‌.
 
دواتر ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بڕیاریدا بڕی دوو تریلیۆن‌و 100 ملیار دینار بەقەرز بەهەرێمی کوردستان بدات بۆ ماوەی سێ مانگ، واتە مانگانە 700 ملیار دینار، ئەوەش بۆ دابینکردنی موچەی موچەخۆرانی هەرێم، تائێستا دوجار پارەکە نێردراوەو بەگوێرەی ڕێککەوتنەکەش یەک گوژمەی دیکەی 700 ملیاری ماوە.
 
له‌ئێستاشدا حکومەتی هەرێم چاوەڕوانی ئەو 700 ملیار دینارەیە کە سودانی واژۆی لەسەر ناردنی کردوە بۆ ئەوەی دەست بەدابەشکردنی موچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان بکات.