هۆکارێکی تری تووشبوونی پیاوان بە نەخۆشیی شەکرە ئاشکرا دەبێت

تەندروستی

19/01/2024‌ 1166 جار خوێندراوه‌ته‌وه


شارپرێس

توێژینەوەیەکی نوێ کە لە زانکۆی کۆرنێل ئەنجامدراوە، باس لەوە دەکات کە بەرکەوتنی درێژخایەن بەزەڕنیخ پەیوەندیی بەتووشبوون بە نەخۆشیی شەکرەی جۆری دووەمەوە هەیە، هەروەک بەڵگەش هەیە کە پیاوان ئەگەری تووشبوونیان بە نەخۆشییەکە زیاتردەبێت، کاتێک بەرکەوتنیان بەوماددەیە دەبێت.

بەپێی ماڵپەڕی Science Daily , ئەم بەرکەوتنە بەزەرنیخ زۆرجار لەڕێگەی ئاوی پیسبووی ژێر زەویەوە دێت.

تاقیکردنەوەکانی توێژینەوەکە لەسەر بنەمای زانیارییەکانی توێژینەوەکان بووە کە لە مەکسیک و بەنگلادیش ئەنجامدراون، کە دەرکەوتووە ئاستی بەرزی بەرکەوتنی زەڕنیخ پەیوەندیی بەتووشبوون بە نەخۆشیی شەکرەی جۆری دووەمەوە هەیە.

لە تاقیکردنەوەکاندا توێژەران مۆدێلێکی مشکیان بەکارهێناوە کە لەڕووی جینییەوە دەستکاریی کراوە بە جینێکی مرۆڤ بۆ ئەوەی ڕۆشنایی بخەنە سەر ئەگەری پەیوەندیی نێوان زەڕنیخ و گەشەکردنی نەخۆشیی شەکرە.

مشکەکانی توێژینەوەکە بۆ ماوەی مانگێک بەرکەوتەی ژەمە دەرمانی زەڕنیخ بوون لە ئاوی خواردنەوەدا کە کوشندە نەبوون، بەڵام بەس بوون بۆ تاقیکردنەوەی پەیوەندییەکە.

ئەنجامەکان دەریانخستووە کە ئەو مشکانەی هەڵگری جینی دەستکاریکراوی بۆماوەیی  هاوشێوەی مرۆڤ بن، کاریگەریی بەرکەوتنیان بەزەڕنیخ بەتایبەتی نێرەکان دەبێت و زیاتر تووشی نەخۆشیی شەکرە دەبن.

پشکنینی شانەکانی جگەر دەریخستووە کە بەرکەوتن بەزەرنیخ بەرگریی شانەکانی جەستە بەرانبەر ئەنسۆلین زیاد دەکات.

ئامادەکردن: ئاکۆ ئاڵی