خواردنی چەرەسات دەبێتە هۆی زیادبوونی کێش؟

تەندروستی

03/03/2024‌ 819 جار خوێندراوه‌ته‌وه



توێژەران بۆیان دەرکەوتووە کە خواردنی چەرەسات نابێتە هۆی زیادبوونی کێشی جەستە وەک پێشتر بیری لێدەکرایەوە، هەروەک ئەوانەی چەرەسات دەخۆن سوودی زیاتر لە کەسانی دیکە وەردەگرن.

توێژینەوەکە لە زانکۆی ڤاندەربیڵت ئەنجامدراوە، و دۆزینەوەکانی پێشکەش کردووە کە تەحەدای تێڕوانینە هەڵەکان دەکەن، لە هەمان کاتدا تیشکیان خستۆتە سەر چەرەسات وەک بەشێکی سوودبەخش لە سیستەمێکی خۆراکیی تەندرووست .

بەپێی  Study Finds توێژینەوەکە گروپێکی تەمەنیی لەنێوان 22 بۆ 36 ساڵی کردۆتە ئامانج، گروپێک کە ڕێژەی زیادبوونی نیشانەکانی گۆڕانکاری خۆراک نیشان دەدەن، وەک: نەخۆشییەکانی دڵ، بەرزی پەستانی خوێن، و شەکرە.

لە ماوەی تاقیکردنەوەکەدا کە 16 هەفتەی خایاندووە، گروپێکیان خواردنی کەمیان دەستکەوتووە کە چەرەساتی تێدابوو، لەوانە گوێز و فستق، گروپێکی دیکەش خواردنی کەمیان دەستکەوتووە کە کاربۆهیدراتیان تێدابوو، وەک: شیرینی یان بسکیت، ڕۆژانە دووجار.

ئەنجامەکان دەریانخستووە کە بەشداربووانی هەردوو ڕەگەز لە گروپی چەرەسات بە درێژایی توێژینەوەکە کێشیان پاراستووە، ژنانیش دەوری کەمەریان بچووک بۆتەوە، لەکاتێکدا پیاوان ئاستی ئەنسۆلینی خوێنیان دابەزیوە، کە هەردووکیان نیشاندەری تەندرووستیی میتابۆلیکن.

ئەم ئەنجامانە لەگەڵ لێکۆڵینەوەکانی پێشوودا یەکدەگرنەوە کە ئاماژەیان بەوە کردووە تەنانەت خواردنی زۆری چەرەسات، وەک فستق، نابێتە هۆی زیادبوونی کێش.
هەروەک ئەنجامەکان دەریانخستووە کە ڕەنگە جەستە بە ڕێژەی ٥٪ کەمتر کالۆری لە چەرەساتەوە هەڵبمژێت لەوەی پێشتر خەمڵێندراوە، ئەمەش ڕوونکردنەوەیەکی گونجاو بۆ ئەنجامەکان نیشان دەدات.
ئامادەکردن: ئاکۆ ئاڵی