مەكتەبی سیاسی پارتی: لەرێی یاساوە هەندێك واقیعمان بەسەر دەسەپێنن بەپەلاماری سەربازی نەتوانراوە بكرێـن

کوردستان

04/03/2024‌ 761 جار خوێندراوه‌ته‌وه


 شارپرێس:

مەكتەبی سیاسی پارتی لە بەیاننامەیەكدا بەبۆنەی یادی راپەڕینەوە رایگەیاندووە، هەلومەرجی سیاسیی عێراق بەرەو قۆناغێكی هەستیار و مەترسیدار دەڕوات، ئەو دیموكراسییەت و فیدرالیزمەی هێزە سیاسییەكانی عێراق لەسەریان ڕێككەوتوون و لە دەستووری عێراقی نوێدا چەسپیوون، دەستوورێك كە زۆربەی هەرە زۆری هاووڵاتیان پەسەندیان كردووە، لەبەردەم مەترسی ڕاستەقینەدان".

هەروەها مەكتەبی سیاسی پارتی دەڵێت "هەوڵی ناوخۆیی و دەرەكی ئاشكرا لە ئارادایە بۆ پاشگەزبوونەوە لە هەموو ڕێككەوتنە سیاسییەكان، لە هەموو بنەما دیموكراسی و فیدرالییەكان و وەلانانی ئەو دەستوورەی خەڵكی عێراق دەنگیان پێداوە".

مەكتەبی سیاسی پارتی ئاماژە بەوەش دەكات، فشاری زۆر و هەمەلایەنە بەردەوامە بۆ سەپاندنی هەندێك واقیع بەسەر كوردستاندا كە بە درێژایی سەدەیەك بە هێرش و پەلاماری سەربازی تا ئاستی جینۆساید نەیانتوانیوە بەسەر خەڵكی كوردستانیدا بسەپێنن ئێستا بە ناو و لە ڕێی یاساوە دەیانەوێت بیانسەپێنن، بەتایبەتی ئەو بڕیار و هەنگاو و ناهەقیانەی دەرهەق بە خەڵكی كوردستان و قەوارەی دەستووریی هەرێم و ماف و موستەحەقاتەكانی و چەندین پرسی دیكە دەكرێن كە بە پێی دەستوور و یاسا فیدڕاڵییەكان دانیان پیانراوە".

 ئەوەشی خستەڕوو، لەبەردەم كۆمەڵێك ئاستەنگ و تەحەدیاتی ئەوتۆداین كە زیاتر پێویستمان بە هاوئاهەنگی و یەكدەستییە لە سەر ئاستی هەرێمی كوردستان و بەردەوامی گفتوگۆ و دانوستان لەگەڵ بەغدای پایتەختی فیدراڵی بەرەو چارەسەركردنی و یەكلاكردنەوەی گیروگرفتەكان تاكوو جارێكی دیكە كێشە و قەیرانەكان دووبارە نەبنەوە. سووربووین لەسەر پاراستنی دەسەڵات و ماف و شایستە داراییەكانی هەرێمی كوردستان بەپێی یاسا و دەستووری فیدراڵی و، جەخت دەكەینەوە لەسەر بنەما سەرەكەییەكانی بونیاتنانەوەی عێراقی نوێ و كۆتایهێنان بە كێشە هەڵواسراوەكان كە خۆیان لە بنەماكانی (هاوبەشی و سازان و هاوسەنگی)دا دەبیننەوە".