ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ ئاماری مەترسیدار لەبارەی ژمارەی لەسێدارەدان لەئێران بڵاودەکەنەوە

جیهان

26/03/2024‌ 178 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

پێگەی هرانای تایبەتمەند بەدیکۆمێنتکردنی پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ لەئێران، لەڕاپۆرتی خۆیدا سەبارەت بەمافەکانی مرۆڤ بۆ ساڵی ئێرانی (لە 21ی ئاداری 2023 تا 21ی ئاداری 2024) ئاشکرایکردوە، لانیکەم 767 هاوڵاتی کە دوو منداڵ‌و 21 ژنیان لەناودا بوە، لەو ماوەیه‌دا لەسێدارەدراون.


لەڕاپۆرتەکەدا هاتوە، لەماوەی ئەوساڵەدا پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ لەئێران بەردەوامبون لەوانە بەئامانجگرتنی ئەو ژنانەی دژی سیاسەتی سەرپۆشکردنی بەزۆرەملێن.

ئاماژە بەوەشکراوە، لەماوەی 12 مانگی ڕابردوداو لەچوارچێوەی سیستەمی "سەرپۆشکردنی خراپ" یان سەرپۆشنەکردنەوە  3176 ئافرەت بەئامانجگیراوە.

ئەوەش هاتوە، لەوساڵەدا سێ هەزارو 187 کەس لەبەر هۆکاری ئایدۆلۆژیی‌و سیاسیی دەستیگیرکراون، هەروەک 672 کەس بەهۆی ستایلی ژیانی تایبەتەوە دەستگیرکراون.

هەروەک لەو ماوەیەدا زیندانیانی ئەمنیی‌و بیروڕا، 31 هه‌زارو 809 مانگ زیندانیان بەسەردا سەپێنراوە، هەروەک لە 843 دۆسیەدا سزای هه‌زارو 981 مانگ ڕاگیرانیشى تێدایه‌.

هرانا لەڕاپۆرتەکەیدا ئاشکرایکردوە، لانیکەم 37 حاڵەتی دەستدرێژی‌و ئازاردانی سێکسی، 98 حاڵەتی کوشتنی ژنان، 40 حاڵەتی کوشتن لەسەر شەرەف، دوو حاڵەتی خۆسوتاندن، 36 حاڵەتی خۆکوشتن‌و هه‌شت حاڵەتی هێرش بەتێزابی تۆمارکردوە.

جگە لەم حاڵەتانە، لەمساڵەی ئێراندا لانیکەم دوو هەزارو 257 گردبونەوەی ناڕەزایەتیی لەئێران ڕێکخراوەو 7066 کرێکار لەکارەکانیان دورخرانەوە یان بێکاربون.

بەپەلە