ڕامان لە ترەمپ

مەلەفی تایبەت

03/06/2024‌ 756 جار خوێندراوه‌ته‌وه

سەردار عەزیز
دۆناڵد ترەمپ بە فەرمی تاوانبارە. کەسێک کە ئەگەری زۆری هەیە ببێت بە سەرۆکی ئەمریکا، بە پارێزەری دەستور و یاسا، خۆی تاوانبارە، پێشێلکەری یاسایە، دوای تەواوکردنی چوارساڵەکە ڕەنگە بچێتە بەندیخانە. بەڵام تاوانباربونی ڕێگەی ئەوەی لێناگرێت کە ببێت بە سەرۆک.
ئەمە دۆخێکی سەختە بۆ سیستەمی سیاسی ئەمریکی. لە کاتێکدا کاریگەری یاسا و پیادەکردنی یاسا دەبینێت. یاسا تەنانەت سەرۆکیش لە سەری یاساوە نیە، بەڵام لە هەمانکاتدا لاوازی ئەو سیستەمە دەردەخات کە بەوجۆرە ڕێگە بە تاوانبار دەدات ببێت بە پارێزەری. ترەمپ خۆی واتەنی مادەم بۆ من هاتن، ئەوا ئێوەش هەموتان لە مەترسیدان. ئەمە مانای وەهایە ترەمپ خۆی لە سەروی یاساوە دادەنا. پێیوابوو کە یاسا بۆ ئەوانیترە نەک ئەو.
بەڵام ئەگەر ترەمپ بێتەوە، دەورەیەکی سەرۆکایەتی تەواو جودا دەبێت لە پێشوو. جاری پێشوو لە چاوەروانی کەسدا نەبوو کەسێکی وەها ببێت بە سەرۆک. بەڵام ئەمجارە جودایە. لە ئێستادا چەند ناوەندێکی پارێزەری توندڕەو هەن کە پلانی حوکمداریی سەردەمی ترەمپیان بە ووردی داڕشتوە. یەکێک لەو پلانانە پرۆژەیەکە بە ناوی پرۆژەی ٢٠٢٥. ئەم پرۆژەیە نزیکەی ٨٠٠ لاپەڕەیە، کە خانەی بیری هێرتج فاوندەیشن ئامادەی کردوە. 
ئەم پرۆژەیە لەو ڕوەوە داڕێژراوە کە بەرچەوەڵامێک بۆ پلانی ڕادیکاڵی ۆک-ەکان. بە مانایەکی تر، پاڵنەری ئەم پلانە ڕێگرییە لەو ئاراستە چەپە توندەی کە لە لایەن بەشێک لە ئەمریکیەکانەوە پیادە دەکرێت. 
کرۆکی ئەم پرۆژەیە دروستکردنی دەوڵەتێکی دینییە. دەوڵەتێکی دینی لە مۆدێلی تالیبان. ئەمە جێگای سەرسوڕمان نیە لە کاتێکدا ئەمریکا دینی-ترین دەوڵەتی دونیایە. بەمجۆرە کرۆکی ئەم پلانە قەدەغەکردنی هەموو ئەو کتێب و پەرتۆک و بڵاوکراوانەیە کە پێچەوانەی پلانەکانیان. بە جۆرێک کتێبخانەکان دەبێت پاکبکرێنەوە لە ئەو کتێبانەی کە نەخوازراون و گەلی ئەمریکی لە سەر بنەمای مەسیحیەتێکی تایبەت پەروەردە بکرێت. ئەم دیدە مەسیحیە زیاتر زایونیزمی مەسیحیە. بۆیە پرۆژەکە هەتا سەر ئێسقان دۆستی ئیسرائیلە و دژ بە ئێرانە. 
ئێران وەک دوژمن و نەیار دەناسێنێت. لە گەڵ ئێراندا، چین وەک نەیارێکی تر دەبینێت. 
هەرچی پەیوەستە بە تورکیاوە، هەوڵ دەدات کە تورکیا ڕابکێشێتەوە ناو ناتۆ و سازش لە سەر کورد بکات بۆ تورکیا. لەم ڕووە ئەم پلانە زۆر خراپە.
کە دێتە سەر چین، هەوڵدەدات کە دونیا وەها دابڕێژێتەوە کە ڕێگریی لە بەهێزبونی چین بکات. بۆ نمونە ڕاکێشانەوە سعودیە و سنوردارکردنی چین لەو وڵاتە. پشتیوانی سەربەخۆیی سۆمالیلاند بۆ هاوسەنگەکردنی ڕۆڵی چین لەجیبۆتی.

بەپەلە