سەرۆکی پارتێکی ئیسرائیلی داوای بەکارهێنانی چەکی ئەتۆمیی دژ بەئێران دەکات

جیهان

06/07/2024‌ 3218 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

ئەندامێكى کنێستی ئیسرائیلی‌و سەرۆکی پارتی ئیسرائیل بەیتێنو (ئیسرائیل ماڵمانه‌)، داوایکردوە چەکێکی ناکلاسیکی دژ بەئێران بەکاربهێنرێت، ئەوەش وەک ئاماژەیەک بۆ  بەکارهێنانی چەکی ئەتۆمی.


ئەڤیگدۆر لیبەرمان سەرۆكی پارتی (ئیسرائیل ماڵمانە) كە پارتێكی راستڕەوی ئۆپۆزسیۆنی ئیسرائیلە لەچاوپێکەوتنێکدا لەکەناڵی 12ی ئیسرائیلی رایگەیاند، "ئیسرائیل دەبێت کۆتایی بەسیاسەتی تەمومژاوی سەبارەت بەتوانا ناتەقلیدییەکانی بهێنێت"، پێشئەوەی بێژەرەکە داوای لێبکات لێدوانەکەی دوبارەبکاتەوە، قسەکەی دوبارەکردەوەو وتى:“کاتمان نییە بۆ چەکە کلاسیکییەکان".

چەند ڕۆژێک پێشتریش لیبەرمان ڕایگەیاند، هیچ بەڕێوەبردنێکی شەڕ لەحکومەتی ئیسرائیلدا نییەو باسی لەوەشکرد، “ئیسرائیل هیچ ڕێگەیەکی دیکەی نییە جگە لەڕوبەڕوبونەوەی ڕاستەوخۆی ئێران".

لەو چوارچێوەیەدا، کەمال خەرازی سەرۆکی ئەنجومەنی ستراتژیی پەیوەندییەکانی دەرەوەی ئێران  جەختی لەوەکردەوە، ڕاگەیاندنی شەڕی ئیسرائیل لەدژی حزبوڵڵا لەلوبنان ڕەنگە ڕوبەڕوبونەوەکە لەشەڕێکی سنوردارەوە بگوازێتەوە بۆ شەڕێکی ئاشکراو بەرفراوان.

جەختیشی لەوەکردەوە، وڵاتەکەی "بەهەموو شێوەیەک" پشتیوانی حزبوڵڵا دەکات ئەگەر ئیسرائیل شەڕێکی هەمەلایەنە لەدژی دەستپێبکات.

ئاماژەی بەوەشکرد، بازنەی شەڕ کە فراوانتر دەبێت، پاڵ بەوڵاتانەوە دەنێت، لەنێویاندا ئێران، بۆ بەشداریکردن تێیدا.

بەپەلە