لیوایەکی پێشمەرگە: ئەوەی دژی پەکەکە شەڕ بکات خیانەتکارە

کوردستان

07/07/2024‌ 22668 جار خوێندراوه‌ته‌وه


نەهرۆ ئەسوەد، لیوا لە هێزی پێشمەرگە بۆ شارپرێس رایده‌گه‌یه‌نێت: لایەنێکی سیاسیی کەوتووەتە پێشی سوپای داگیرکەری تورکیا و ئامانجییەتی هەڵبژاردن نەکرێت، دەبێت گەل و حکومەت لە دژی تورکیا بووەستنەوە، دەشڵێت: ئەوەی دژی پەکەکە شەڕ بکات خیانەتکارە.

لیوا نەهرۆ ئەسوەد به‌ شارپرێس-ی ڕاگەیاند وەكو هێزی پێشمەرگە ئیدانەی ئەو هێرشانە دەكەین، توركیا بە ئارەزووی خۆی دێتە خاكی كوردستان، دەبێت حكومەتی هەرێمی كوردستان هەڵوێستێكی هەبێت و قبوڵ نەكات، بەڵام بەداخەوە لەوانەیە هەندێك لایەن هەبێت ڕێ خۆشكەری دەكات و پێشیان دەكەوێت و بە هەواڵگیریی ئەوان تورکیا ئەو کارانە دەكات.

لیوا نەهرۆ دەشڵێت: كوردستان هەر كوردستانە هەر بەشێك بێت، توركیا بە ئارەزووی خۆی دێت تەراتێنی تێدا دەكات، دوژمنی سەر سەختی كوردە، پێویستە هەموو هاوڵاتییان هەڵوێستی هەبێت بەرامبەر بە ئەو هێرش و داگیركارییانەی توركیا.

ئاماژەی بەوەشدا، ئەوەی پێشی هێزی دوژمنی گەلی كورد بكەوێت خیانەتکارە، چونكە توركیا دێت خەڵكی سڤیل شەهید دەكات و خاكت داگیردەکات و گوندەکان دەسوتێنێت، لەوە زیاتر خیانەت دەبێت چی بێت؟

بەوتەی ئەو فەرماندەیەی پێشمەرگە، توركیا ئەو هێزە زۆرەی هێناوە، دەیەوێت هەڵبژاردن نەكرێت لە هەرێمی كوردستان و لایەنێكی سیاسیش پێی خۆشە كە هەڵبژاردن ئەنجام نەدرێت، چونكە ئەوە دەكەنە بیانوو، بۆ دواخستنی هەڵبژاردن وتیشی: پێم وایە هەڵبژاردن ئەنجام نادرێت.

هەروەها باسی لەوەشكرد، ئەو لایەنەی هاوكاری توركیا دەكات، تەنها ئامانجی مانەوەی خۆیانە، گوێ بە كێشە و نەهامەتییەكانی كورد نادەن، چونكە ئەوانە بۆ مانەوەی خۆیان بە هەموو شتێك ڕازی دەبن، هێزی پێشمەرگەی یەكێتی باوەر ناكەم بچنە شەڕ دژی پەكەكە، هەر لایەنێكیش شەڕ لە بەرامبەر پەكەكە بكات خیانەتێكی گەورەیە