حەماس دەستبەرداری مەرجێکی سەرەکیی دەبێت بۆ ڕاگەیاندنی ئاگربەست لەگەڵ ئیسرائیل

جیهان

08/07/2024‌ 2859 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرزو ئاژانسی فرانس پرێس بڵاویانکردۆتەوە، بزوتنەوەی حەماس وازی لەداواکارییەکی سەرەکیی هێناوە بەوەی ئیسرائیل پابەندی ئاگربەستی هەمیشەیی بێت پێش واژۆکردنی هەر ڕێککەوتننامەیەکی ئاگربەست.


ئەو دوو ئاژانسە باسیان لەوەکردوە، بزوتنەوەی حەماس ڕەزامەندیی دەربڕیوە لەسەر دەستپێکردنی دانوستانەکانی ئازادکردنی بەرمتەکان بەبێ ڕاگەیاندنی ئاگربەستی هەمیشەیی، بەشێوەیەک ناوبژیوانان بەڵێنیانداوە کە ئاگربەستەکە تا ئەوکاتەی دانوستانەکان بەردەوامبێت، ئەویش بەردەوامدەبێت، بەوپێیەی پێشتر حەماس سوربوو لەسەرئەوەی پێش دەستپێکردنی دانوستانەکان دەبێت ئیسرائیل ئاگربەستی هەمیشەیی ڕابگەیەنێت.

بزوتنەوەی حەماس چاوەڕێی وەڵامدانەوەی ئیسرائیلە بۆ پێشنیازی ئاگربەست دوای قبوڵکردنی بەشێکی سەرەکی لەپلانێک کە لەلایەن واشنتۆنەوە خراوەتەڕوو بەئامانجی کۆتاییهێنان بەشەڕی غەززە.

وابڕیاریشە بنیامین ناتانیاهۆ سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل ڕاوێژی خۆی سەبارەت بەهەنگاوەکانی داهاتوی دانوستان لەسەر پلانێکی سێ قۆناغی بکات کە لەلایەن جۆ بایدن سەرۆکی ئەمریکاوە ڕاگەیەندراوە.

ئامانج لەم پلانە کۆتاییهێنانە بەشەڕو ئازادکردنی نزیکەی 120 بارمتەی ئیسرائیلی کە لەلایەن حەماسەوە دەستبەسەرکراون، بەتایبەت کە خۆپیشاندەران لەسەرتاسەری ئیسرائیل هاتنە دەرەوە بۆ ئەوەی فشاربخەنەسەر حکومەت بۆ ئەوەی لەگەڵ حەماس بگەنە ڕێککەوتن بۆ گەڕاندنەوەی بارمتەکان.

لەو چوارچێوەیەشدا، شاندێکی ئیسرائیلی چاوەڕێی هاتن بۆ قاهیرە دەکەن بۆ دەستپێکردنەوەی دانوستانەکانی ئاگربەست لەغەززە.