ڕێكخراوێكی پاكستانی، بە هاوكاری دەزگای وەقفی ئایینی توركیا، بەشداری دەكات لە بنیاتنانی شارۆچكەیەكی نوێی نیشتەجێبوون لە سنووری عەفرین لە ڕۆژئاوای كوردستان.
پرۆژە نوێیەكە ناوی گوندی مەدینەیە و لە مانگی ئادارەوە دەست بە دروستكردنی كراوە، بە پاڵپشتی ڕێكخراوێكە، بنكەكەی لە شاری كاراچییە.
پرۆژەی نیشتەجێبوونە نوێیەكە لە ٨٤ شوقە پێكدێت و بڕیارە خێزانەكانی خەڵكی شاری حمس لەوێ نیشتەجێ بكرێن و بڕیارە لە مانگی تشرینی یەكەمی داهاتوودا كارەكانی بیناسازی كۆتایی پێبێت.
پرۆژە نیشتەجێبوونەكە لەسەر زەوییەك دروستكراوە كە دارستانێك بووەو لەلایەن گروپی چەكداری سوڵتان مورادی سەر بە توركیاوە دارەكانی بڕاونەتەوە.
لە دوای داگیركردنی عەفرینەوە لەلایەن توركیاوە كوردانی خەڵكی ناوچەكە دەردەكرێن و عەرەب و توركمانی ناوچەكانی دیكەی سوریای لێ نیشتەجێدەكرێت و لەلایەن چەندین رێكخراوی وڵاتانی عەرەبی و ئیسلامی بەهاوكاری توركیا پرۆژەی نیشتەجێبوون دروست دەكەن.