شارپرێس:
بهگوێرهى ڕۆژنامهیهكى بهناوبانگى ئهمریكا، ئیسرائیل چەندین ساڵە خۆی بۆ داگیرکردنی لوبنان ئامادە دەکات.
ڕۆژنامەی واشنتۆن پۆست بڵاویکردەوە، بانگەوازەکان لەئیسرائیل زیاتر دەبن بۆ دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنێکی زەمینیی گەورە لەلوبنان، بەڵام بنیامین ناتانیاهۆ سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل تائێستاش دودڵ بوە لەبڕیاردانی لەو شێوەیە.
ڕۆژنامەکە ڕونیکردوهتەوە، ئیسرائیل ساڵانێکە خۆی بۆ ڕوبەڕوبونەوەی حزبوڵڵاو داگیرکردنی لوبنان ئامادەدەکات.
ڕۆژنامەکە ئاماژەی بەوەشکردوە، بەرپرسانی پێشوی ئیسرائیلو شرۆڤەکاران پێیانوایە، ئەگەری ئۆپەراسیۆنی زەمینی دژی لوبنان زیاتر بوە، ئەمەش ئەوەیە کە دامەزراوە ئەمنییەکان ماوەیەکە داوای دەکەن.
میری عیسین بەرپرسی پێشوی هەواڵگریی ئیسرائیل ڕایگەیاند، ماوەیەکە سوپای ئیسرائیل ئامادەکاریی بۆ ئەم هەنگاوە دەکات، بەڵام هێشتا بڕیاری کۆتایی نەدراوە.
بەشێک لەشرۆڤەکاران پێیانوایە، ناتانیاهۆ هەمیشە دودڵ بوە لەڕوبەڕوبونەوەی هەمەلایەنەی حزبوڵڵا بۆ ئەوەی لەدوو بەرەدا شەڕنەکات، ئەمەش ڕەنگە شەڕێکی درێژخایەنو تێچوی زۆری لێبکەوێتەوە، بەڵام ئەم هەنگاوە ڕەنگە دەستکەوتی سیاسیی بۆ نەتانیاهۆ بهێنێتە ئاراوە، وەک باشترکردنی ناوبانگەکەییو دواخستنی ئەگەری لێکۆڵینەوەکان لەدوای ڕوداوەکانی 7ی ئۆکتۆبەر، لەگەڵ لادانی سەرنجی خەڵک لەشەڕی غەززە.
لەکۆتاییدا، یۆحان پلێسنەر سەرۆکی دامەزراوەی دیموکراسیی ئیسرائیل ڕایگەیاند، زۆرێک لەئیسرائیلییەکان بەپێویستی دەزانن هەڵوێستێکی توندتر لەدژی حزبوڵڵا بگرنەبەر، بەتایبەتیی دوای زیادبونی ئەو مەترسیانەی کە بۆسەر ژیان لەباکوری ئیسرائیل دروستیدەکات.