شارپرێس
لە کۆبونەوەى
ئیدارەى دەوڵەتدا، سەرۆک کۆمارى عێراق ڕایگەیاند، مەترسیی
دەستدرێژی ئەگەرێکی کراوە و بەردەوامە و بارودۆخى ئێستا بە هەستیار و مەترسیدار ناوبرد
و یەکخستنی هەڵوێستەکانی بە گرنگزانى.
ڕاگەیاندنى سەرۆک کۆمارى عێراق بڵاویکردەوە، د.لەتیف
رەشید، بەشداری لە کۆبونەوەی ئیئتیلافی ئیدارەی
دەوڵەت و سەرکردەی لایەنە سیاسییەکان کرد، کەلە بەغداد بەڕێوەچو، لە
کۆبونەوەکەدا باس لەو پێشهاتە مەترسیدارانە کرا، کە ناوچەکە بەخۆیەوەدەبینێت و لێکەوتەیان
لەسەر وڵات هەیە.
سەرۆك کۆمار جەختیکردەوە لەسەر گرنگی پاراستنی
سەروەریی عێراق و کارکردنی جدی بۆ چەسپاندنی ئاسایش و سەقامگیری لە سەرتاسەری وڵاتدا،
وتى: مەترسیی دەستدرێژی ئەگەرێکی کراوە و بەردەوامە و بڕیاری حکومەتی دوژمنیش بۆ
کوشتنی منداڵ و ژن و خەڵکی مەدەنی سوکایەتیکردنە بە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و نەتەوە یەکگرتووەکان.
پێویستی یەکخستنی هەڵوێستەکانی لەم هەلومەرجە هەستیار
و مەترسیدارەدا دوپاتکردەوە، کە ناوچەکە پێیدا تێدەپەڕێت و ئاماژەیکرد، بە پێویستی هاوئاهەنگی لەگەڵ هەموو
هێزە سیاسییەکان، تەنانەت لەگەڵ ئەوانەش کە لە دەرەوەی ئیئتیلافی ئیدارەی دەوڵەتن،
بەمەبەستی داڕشتنی هەڵوێستێکی یەکگرتوو بۆ پشتیوانی لە دۆزی فەڵەستین لەڕووی ئاسایش،
سیاسی، میدیایی و مرۆیی.
هەروەها، لە میانی کۆبونەوەکەدا، ئیئتیلافی ئیدارەی
دەوڵەت کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بە تەواوی بەرپرسیار کرد لە جێبەجێکردنی ئەرکی مرۆیی و
ئەخلاقی بۆ وەستاندنی کۆمەڵکوژیی دڕندانە و زوڵم و ستەمکاری و پێشێلکردنی سەروەری.
وەک لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە، هەر لە کۆبوونەوەکەدا
راگەیاندنی هاوبەشی نێوان عێراق و هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بۆ روبەڕوبونەوەی داعش و
تەواوکردنی رێککەوتنی کۆتاییهێنان بە بوونی هاوپەیمانێتییەکە لەسەر خاکی عێراق تا
مانگی ئەیلولی ساڵی داهاتوو، تاووتوێ کرا.
ئیئتیلافی ئیدارەی دەوڵەت جەختیشیکردەوە لە
گرنگی یەکلاکردنەوەی پرسی هەڵبژاردنی سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران لە زووترین کاتدا
و داوای بەردەوامی هەوڵەکانی کرد لەوبارەیەوە.