شارپرێس:
بەرپرسێکی كۆما جڤاكێن كوردستان (کەجەکە) ڕایدەگەیەنێت، پەکەکە تاکلایەنە نیازپاکیی خۆی نیشانداوە بۆ چارەسەریی دیموکراسییانەو ئێستا نۆرەی تورکیایە هەنگاوبنێتو هەرچی ڕوبدات پەیوەستە بەوەوە، دەشڵێت:"هیچ ڕێککەوتنێک لەنێوان پەکەکەو دەوڵەتدا نییە".
زاگرۆس هیوا وتەبێژی پەیوەندییەکانی دەرەوەی کۆما جڤاکێن کوردستان (کەجەکە) لەلێدوانەکەیدا بۆ بی بی سی فارسی وتویهتى:"ئەوەی تائێستا کراوە ڕاگەیاندنی نیازپاکی تاکلایەنەی پەکەکەیەو هەنگاونانە بۆ ڕێگەی چارەسەریی کێشەی کورد بەشێوەیەکی دیموکراسییانە، ئێستا ئیتر کاتی ئەوەیە کە دەوڵەتی تورکیا هەنگاوبنێت لەبارەی چارەسەرییو ئەوەشی لەداهاتودا ڕودەدات، بەتەواوەتی پەیوەستە بەهەنگاوەکانی تورکیاوە، کە هەنگاوی یاساییو سیاسیی لەخۆدەگرێت".
وتەبێژی کەجەکە دهڵێت:"تائێستا هیچ جۆرێک لەڕێککەوتنو پەیمانێکی نوسراوو زارەکیی لەنێوان پەکەکەو دەوڵەتی تورکیادا نەکراوە، بهڵام بۆ ئەوەی عەبدوڵڵا ئۆجالان ڕێبەری پەکەکە بتوانێت پڕۆسەی چارەسەریی بەڕێوەببات، دەبێت جەستەیی ئازاد بکرێتو دڵناییش لەپارێزراوییو ئاساییشی بدرێتو ئازادانە پێشەنگەیاتی پرسەکە بکات".
دوشەممە 12ی ئایاری 2025 پەکەکە، ئەنجامی کۆنگرەی 12ی خۆی ڕاگەیاند کە لە 5 تا 7ی ئایار بەڕێوەچوو، بهگوێرهى ئەنجامی کۆنگرەکە پەکەکە بەفەرمی خۆهەڵوەشاندنەوەی خۆی ڕاگەیاند.
پارتی کرێکارانی کوردستان ساڵی 1978 لەباکوری کوردستان دامەزراوە، ساڵی 1982 لەکۆنگرەی دوەمدا بڕیاری چەکهەڵگرتنی دژی دەوڵەتی تورکیا پەسندکرد، لە 18ی ئابی 1984 یەکەم تەقەی لەدژی تورکیا کرد.
