بۆ یەکەمجار بڕیارێکی گرنگ لەبارەی حاجییانی هەرێم درا

کوردستان

23 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 970 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

بەڕێوەبەرایەتی حەج و عومرەی هەرێم ڕایگەیاند، بانکی ناوەندی بڕی پارەی پێویستی بۆ حاجییانی هەرێم تەرخانکردوە و هەر حاجییەک دەتوانێت بڕی دوو هەزار دۆلار بە نرخی فەرمی بانکی ناوەندی بگۆڕێتەوە، کە هەر 100 دۆلارێک بەبڕی 132 هەزار دینار  بە حاجییان دەفرۆشرێت.

بەڕێوەبەرایەتی حەج و عومرەی هەرێم لەڕاگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەکرد،" ئەمرۆ لە لایەن بانکی ناوەندی حکومەتی فیدراڵەوە بڕە پارەی پێویست بە دولار خرایە سەر بانکی جیهان تاوەکو بە نرخی بانکی ناوەندی بۆ هەر حاجییەک 20 وەرەقە بگوردرێتەوە ".

بەڕێوەبەرایەتی حەج و عومرە باسی لەوەشکرد،" لەم هەنگاوەدا هەر حاجییەک زیاتر لە 200 هەزار دینار بۆ دەگەڕێتەوە ئەگەر دولار لە بازاڕ بکرێت، کە لەم کارەدا 5136 حاجی سود مەند دەبن کە ئەگەر هەموو حاجییەکان بڕە پارەکە بگۆڕنەوە کۆی سودەکە بۆ حاجیانی کوردستان زیاتر دەبێت لە یەک ملیار دینار عیراقی".

بەپێی راگەیەنراوەکە، بەرێوەبەرایەتی گشتی حەج و عومڕە هەموو داتایەکی داوەتە بانکی جیهان و هەر حاجییەک بیەوێت پارەکە بگۆڕێتەوە، پێویستە پاسپۆرت و ڤیزاکەی لەگەڵ خۆی ببات و نابێت هیچ کەسێک لە جیاتی کەسێکی دیکە پارەکە وەربگرێت و لقەکانی بانکی جیهان لە هەولێر و سلێمانی هەن و حاجیانی شاری دهۆکیش دەتوانن سەردانی شاری هەولێر بکەن بۆ ئەم مەبەستە .

لەڕاگەیەندراوەکەدا ئەوەش هاتوە، بە پێی ئەو کاتانەی کە دیاری کراوە لە شەفتی بەیانیان کاتژمێر 9 بەیانی تاوەکوو 12 نیوەڕۆ  شەفتی ئێواران کاتژمێر 3 ئێوارە تاوەکوو 5 ئێوارە  و شەفتی سێیەم کاتژمێر 7 شەو تاوەکوو 10 و نیوی شەو لقەکانی بانکی جیهان کراوە دەبن.