مەلا بەختیار: قۆناغێکی نوێ بەڕێوەیە

کوردستان

23 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 2158 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

مەلا بەختیار پەیامێکی نوێی ڤیدیۆیی بڵاوکردەوە و دەڵێت، قۆناغێکی نوێ بەڕێوەیە، هاوکات داواش لەلایەنە کوردستانییەکان دەکات زیاتر لەناو خۆیاندا یەکگرتوو بن، بۆ ئەوەی گۆڕانکارییەکانی ناوچەکە لەبەرژەوەندی کورددا بن.


مەڵا بەختیار، کەسایەتی سیاسی هەرێمی کوردستان لە وڵاتی ئەڵمانیاوە پەیامێکی ڤیدیۆی بڵاوکردەوە و ئاماژەی بەوەکرد،" کورد لە لێواری قۆناغێکی نوێی سیاسیدایە، قۆناغی دوای سایکس-پیکۆ کۆتاییهات، پێشتر داگیرکەران پشتیان بە وڵاتانی زلهێز دەبەست و کوردیان لە هەموو مافەکانی خۆیان بێبەش دەکرد، بەڵام ئێستا قۆناغەکە گۆڕاوە و وڵاتانی زلهێز لە هیچ بەشێکی کوردستان پاڵپشتی لە داگیرکەران ناکەن ".

لەبارەی خۆ‌هەڵوەشاندنەوە و چەکدانانی پەکەکەش، مەڵا بەختیار دەڵێت،" دوای نزیکەی نیو سەدە لە خەباتی چەکداری، کورد لەباکوری کوردستان دەچێتە ناو پڕۆسەی سیاسی، هەرچەندە رێگاکەیان سەخت دەبێت، بەڵام بڕیارێکی زۆر باشیان داوە ".

مەلا بەختیار باسی گۆڕانکارییەکانی ڕۆژئاوای کوردستانی کرد و وتی،" پێش شوڕشی بەهاری عەرەبی کورد لە سوریا هیچ مافێکی نەبوو، بەڵام ئێستا دۆخەکە گۆڕاوە و کورد کارەکتەری سەرەکییە لەو وڵاتەدا، لەشەڕی داعشیشدا ڕۆڵی باڵای هەبوە ".

مەلا بەختیار هۆشداری دەدات لەبارەی دۆخی رۆژئاوای کوردستان و ڕایدەگەیەنێت، ئێستا کە بارودۆخی حوکمڕانی لە سوریا مەرکەزی نییە و دەسەڵاتی دیمەشق لاوازە، وامەزانن بۆ هەمیشە هەروا دەمێنێتەوە، هەمیشە ئەو وڵاتانی ڕوخاون دوای ساڵێک بەهێزبونەتەوە و نەهامەتییان بەسەر کوردا هێناوە.