ترەمپ‌و ئێران

توێژینەوە و شیکاریی

10 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 479 جار خوێندراوه‌ته‌وه

سەردار عەزیز

یەکێک لە سەخترین شتەکان لەم جەنگەدا هەوڵی تێگەیشتن یان ڕاڤەکردنی قسەکانی ترەمپە. ترەمپ لە ڕستەیەکدا شتێک و دژەکەشی دەڵێت. 

هەوڵدەدات باس لە ئاشتی بکات لە هەمانکاتدا هەڕەشە دەکات. بۆ تێگەیشتن لەمە، پێویستە لە ئەو هێز و لایەنانە بنواڕین کە لە پشت ترەمپەوەن.

بەشی زۆری ئەوانەی پێیان دەڵێن ماگا، یان بزوتنەوەی ئەوانەی کە دەخوازن جارێکی تر ئەمریکا مەزن بکرێتەوە، دژ بە شەڕن. ئەوەی جێگای سەرنجە کە نەک دژایەتییەکەیان ناشارنەوە بەڵکو بە سەختی داکۆکی لێدەکەن.

هەندێک لە چالاکوانانی ماگا هەڕەشەی پشتیوانی نەکردنی ترەمپ دەکەن لە هەڵبژاردنە نێوەندییەکاندا کە ساڵێکی تر ئەنجام دەدرێت. کەسێکی وەک ستیڤ بانون دەڵێت ئاشتی بپارێزە. 

ئەوەی ڕونە لەمەدا کە ماگا، کە ڕوی ناسیونالیزمی ئەمریکییە، هەروەها خاوەن دروشمی ئەمریکا پێش هەموان-ە، دۆستی ئیسرائیل نین. چونکە هەمیشە خیتابێک هەبوو کە ئیسرائیل و ئەمریکا خاوەن پەیوەندییەکی زۆر تایبەت و نزیکن. 

ئەمە مانای ئەوە نیە کە ئەو رەوتە نەماوە، بەڵکو هێشتا ئامادەیی هەیە، وە هەوڵدەدات ئەمریکا پەلکێش بکات بۆ شەڕەکە. ئێستا پاش ئەوەی ڕۆکێتی ئێرانی باڵوێزخانەی ئەمریکی لە قودس لە دوورەوە پێکا، ڕەنگە فشار زیاتر بێت لە سەر ترەمپ.

ترەمپ هەردوو بەرەکەی دەوێت بۆیە کاتێک شتێک لە سودی ئیسرائیل دەڵێت خێرا باسێکی ئاشتیشی پیادا دەکات. ئێستا ئاشتی یانی خۆ بە دوور گرتنی ئەمریکا لە شەڕەکە، نەک بەدیهێنانی ئاشتی لە گەڵ ئێراندا.

ئەمە دۆخێکی ناوازەیە لە مێژوی ئەمریکادا کە هەمیشە بەبێ دوودڵی پشتیوانی ئیسرائیلی کردوە. دیارە بەرەیەکی تر ڕەخنەکر لە ئیسرائیل هەن کە دیموکراتە چەپەکانن، دیارە ئەمانە فشاریان لە سەر ترەمپ نیە، بەڵام کاتێک دژایەتی ماگا بۆ شەڕ و دژایەتی ئەوان بۆ شەڕ پێکەوە گرێدەدەیت دەبینیت کە ترەمپ دەترسێت کە دەنگدەری بێلاین و سەربەخۆ لە دەست بدات، بەوەی کە ئەویش وەک هەموو سەرکردەکانی تری ئەمریکایە و شەڕ دەکات.

گەر لە بیرمان بێت ترەمپ لە وتاری بە سەرۆک بونیدا خۆی وەک سەرۆکی ئاشتی ناساند. 

لە وێنە گەورەکەدا ئەم دۆخە نیشانەی ئەوەیە کە چەند سەختە، تەنانەت گەر ئیسرائلیش بیت، پشت بە ئەمریکا ببەستیت. نەک لە بەر ئەوەی ئەمریکا دۆست نیە، بەڵکو ئەمریکا لە ناوەوە لە فیکرە و بەرژەوەندی و بەرەی زۆر جیاواز پێکهاتەوە و بەردەوام لە هەڵکشان و داکشاندان، ڕاستەوخۆ کاریگەرییان هەیە لە سەر سیاسەتی دەرەوەی ئەمریکا.

بۆیە خۆ داپۆشین بە ئەمریکا ڕوتی بێت، جۆرێکە لە تێگەیشتنی هەڵە بۆ سیاسەتی ناوەوەی ئەمریکا و ئاڵۆزییەکانی کۆمەڵگای ئەمریکی.

بەپەلە