شارپرێس:
بەپێی ڕاپۆرتێکی ئەمڕۆ دووشەممەی ماڵپەڕی مێدل ئێست ئایی بەریتانی بە پشتبەستن بە دوو سەرچاوە، ئەمریکا تورکیای لە چەند کاتژمێرێک پێش دەستپێکردنی هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران ئاگادارکردووەتەوە.
بەگوێرەی ڕاپۆرتەکە، ئاگادارکردنەوەی پێشوەختە بەمەبەستی ڕێگریکردن بووە لە دووبارەبوونەوەی ڕووداوە ئاسمانییەکانی نێوان فڕۆکەکانی ئیسرائیل و تورکیا لە ئاسمانی سوریا، وەک ئەوەی لە مانگی ئایاری ئەمساڵدا ڕوویدا.
تورکیا و ئیسرائیل بە نێوەندگیری ئازەربایجان بۆ هێورکردنەوەی گرژییەکانی نێوان هەردوو وڵات دانوستانیان ئەنجامدابوو.
لە ڕاپۆرتەکەدا هاتووە، فڕۆکەکانی ئیسرائیل ئاسمانی سوریا و عێراق بەکاردەهێنن بۆ بە ئامانجگرتنی شوێنەکانی سەرتاسەری ئێران و ڕێگریکردن لەو هەڕەشانەی کە لە ئاسمانی سوریاوە دێن.
ڕۆژی هەینی وەزارەتی دەرەوەی عێراق سکاڵایەکی لە ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی سەبارەت بە بەکارهێنانی ئاسمانی عێراق لەلایەن فڕۆکەی ئیسرائیلی بۆ لێدانی ئێران تۆمارکرد.
ئاژانسی ڕۆیتەرز ڕۆژی هەینی لە ڕاپۆرتێکدا بڵاویکردەوە، وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا یاداشتێکی دیپلۆماسی بۆ چەند هاوپەیمانێکی ناوچەیی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە نێویاندا قەتەر ناردووە و لە هێرشە نزیکەکانی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران ئاگاداری کردوونەتەوە.
ئ.ه
