خامنەیی لەکوێی ئێران حەشار دراوە؟

جیهان

9 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 2216 جار خوێندراوه‌ته‌وه


شارپرێس:
سەرچاوە ئاگادارەکان بەکەناڵی ئێران ئینتەرناشناڵیان ڕاگەیاندووە، عەلی خامنەیی، ڕێبەری باڵای ئیسلامی ئێران و بنەماڵەکەی گواستراونەتەوە بۆ بنکەیەکی ژێرزەمینیی لە ناوچەیەکی باکووری ڕۆژهەڵاتی پایتەخت، ئەمەش دوای چەند کاتژمێرێک لە دەستپێکردنی هێرشە ئاسمانییەکانی ئیسرائیل لە بەرەبەیانی هەینی ڕابردوو. 

سەرچاوەکان باسیان لەوە کرد کە هەموو ئەندامانی بنەماڵەی خامنەیی لەوان موجتەبای کوڕی لەو بنکەیەدابوون، ئەمەش ڕێکارێکی خۆپارێزیی بووە لەبەر ڕۆشنایی ئەو هێرشە ئاسمانییانەی کە شوێنە هەستیارەکانی ناو تارانیان کردە ئامانج.

ئەمەش دوای ئەوە دێت کە موحسین ڕەزایی ڕایگەیاند، ڕووبەڕووبوونەوەی سەربازی لەگەڵ ئیسرائیل بەردەوام دەبێت و جەختی لەوە کردەوە کە تاران "ڕێوشوێنی بەرگری"ی گرتووەتەبەر بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی هێرشەکانی ئیسرائیل.

لە پێشهاتێکی پەیوەندیداردا، ئاژانسی ڕۆیتەرز لە زاری بەرپرسانی ئەمریکاوە ڕایگەیاندووە، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی پێشووی ئەمریکا، پلانێکی ئیسرائیلی بۆ تیرۆرکردنی خامنەیی ڕەتکردووەتەوە، ئەمەش ئاماژەیە بۆ ئەوەی کە ئەمریکا تاوتوێی بەئامانجگرتنی سەرکردایەتی ئێران ناکات تا ئەو کاتەی ئەمریکییەکان نەبن بە ئامانجی ئێران.
ئ.ه